|
محهممهد
سهدیق کهریمپوور
... وە نووسیبووت: "هەموو شتێك دەتوانێ لە دووچاوەوە
دەست پێ بكا. ئەرێ. هەموو كەسێ دەتوانێ لە دوو چاوەوە
برِوانێتە دونیا. ئەرێ. تۆش لە دوو چاوەوە دەستت
پێكرا. ئەرێ. كە نووقابوو. با تۆش لای خۆت بڵێی. كە
ئەو من نەبووم، بەڵام لەم ژیانە داماویەی كە تووشم بە
تووشتەوە بوو تۆ لە گشت سات و كاتەكانی ژیانما بوویت.
دەمزانی دەت بینمەوە. دەمزانی بۆلای منیش نەبێ، بۆ لای
كوڕەكهمان دێیتەوە. هاتییەوە. ئەو شەوە كە مانگ
چواردە بوو، هاتی. تەقەت لە درگاكە بەردا. من درگاكەم
نەكردبوەوە. دەمزانی تۆی. تۆ هاتبوویتە ژوور. درگاكەم
پێوە دابوو. هاتبوویت و بەرگە سوورەكەت كە سەرتاپای
داپۆشیبووی لە ژێر سێبەر دیوارەكە دا دەدرەوشاوە.
هاتبوویت و مانگ خەرمانەی دابوو."
من؟ من چۆن پێت بڵێم؟! من هیچ حەزم لە بەرگی سوور
نییە. چۆن بۆت بنووسم؟! تەنانەت قینم لە گۆرەوی سوورە.
قەت سەر تا پا سوورم نەپۆشیوە. تۆبۆت دەنووسیم
بۆ دەتنووسی؟ "هەموو هەوڵم ئەوە بوو تۆ وەبینم
و لە شوێنێكی نادیارا لە هاڵاوی هەناسەكانت چێژ بەرم.
لەو چوار چێوە تەسكە بێیتە دەرو بە یەكەوە ئێوارە رِوو
بكەینە سوورایی سەرووی كێوەكەی بەرانبەرمان و ئاخرین
تیشكی هەتاو لە سەرووی سەرمانەوە تێپەرِیبێ و تۆ
كورِەكهمان لە باوشت
توند بكەی و من بمهەوێ لێت بسێنم و تۆ نەم
دەیتێ." بەو جۆرەی دەلێی: "لە چوار چێوەیێكدا هەمیشە
لە بەرامبەرمای."
من؟ من لەرِاستیدا بوونم نەبوو. بووم ؟ نەم بوو. تۆ
دەتویست ببم و نەبووم. تۆ دەتویست، بێم و نەبووم تا
بێم. تۆ دەتویست بەرگی سوور بپۆشم، نەبووم تا بیپۆشم.
تۆ دەتویست، باوكی منداڵەكەت بم، من نەبووم تا
باوكییەتی بكەم. من نەبووم تا تۆ ژنم بیت. من نەبووم
تا هاڵاوی دەمم هەڵمژی. من نەبووم تا لە گەڵتا بچم بۆ
ماڵی خوشكت و لەوێ فێری قسە بكرێیت. من نەبووم تا
شەرِم پێ بەكەی. من نەبووم تا لێت بەم و لەشت تووشی
ئازار بێت. من نەبووم تا مانت لێ بگرم. من نەبووم تا
بۆیەكانت تێكەڵ كەم. من نەبووم تا بوومەكانت
هەڵقڵیشێنم و ئەو ماڵەی وا تیایا تەواوت كردبوو
دارِمێ. من نەبووم تا دیوەكەت لە بۆنی من پرِ ببێ. من
نەبووم تا خەو چاوە تەنراوەكانت نەگرێتە خۆ. تۆ هەرلە
خۆوە منت دیبوەوە. هەرلەخۆوە منت سازاندبوو. تۆ زۆر
ساویلكانە منت سازاند. تۆ دایك و باوكت بۆ دابین
نەكردم. نەكا ببنە خەسوو و خەزوورت. تۆ ژنی من نەبووی
تا ئەوان هیچی تۆ بن. تۆ دەتوانی هاوشارییێك یان هاو
نیشتمانییێك یان مرِۆیەكی وەك من بی. تۆ زۆر خۆت لێ
نزیك كردمەوە. تۆ تەنیا جارێكیش خۆت نیشان من نەداوە.
بەو جۆرەی بۆت نووسیوم. تۆ نەت هێشتووە من ژیانی
ساكاری خۆ بكەم. لە گەڵ منداڵەكانا كە تەواوت
نەكردبوو، شەرِ بكەم. سەریان بشكێنم و لێم بەنەوە و
بچمەوە بۆ ماڵ و... تۆ ماڵێكیشت ساز نەكردبوو. تۆ
قۆژبنێكیشت بۆ تەرخان نەكردبووم خۆم بخزێنمە ئەوێ و كە
گەورە بووم بیرم بێتەوە كە ئەو قوژبنە شوێنی ئوقرە
گرتنم بووە. تۆ تەنانەت خۆشكێ برایێكت بۆ دا نەنام تا
لەگەڵیان قسە بكەم. تۆ تەنانەت بۆت دانەنام كە حەزم لە
چییە و قینم بە چی هەڵدەستێ.ئەو منداڵەی وا لە من ئەچێ
دێ تۆ ئەینێری كە ئەڵێ باوە ئەوە هین دایەیە من قینم
لێی هەڵدەستێ و لە بەر تۆ نا، نازانم بۆ دڵم نایا لێی
بەم؟! بیكێشم بە دەمیا و باوە و هەرچی فێرت كردوە لە
بیری وەچێ. تۆ هەر پێت خۆشە وەكێشی و بنووسی: "كە
هاتبوویتە ژوور هەناسەكەت بۆ هەڵمشتنی من هەڵدەكێشرا
تا وەحەسێم. پێم كوتی. بە كەوێی خوشكم ئەڵێم: "ئەها
هاتوە."
ئەها وەك مێردەكەت بە تۆزی سەر مێزەكە بیانوو ناگرێ.
ئەها توورِە نابێت، لێم نایا. ئەها كاری بە بۆیەكانم
نییە. ئەها بە بزەوە تماشای بوومەكەم دەكا كە ژێر
سازیم بۆ كردووە. ئەها پێم دەڵێ: "پیكاسۆ لە كارەكانتا
دەبینم. ئەها هاتووە و كورِەكەی دەبا بۆ بازارِ.ئەها
گۆرەویە سوورەكانی كورِەكەم لە پێی دادەكەنی. ئەها
كورِەكەمان ماچ ئەكا و ئەیخاتە سەر پشتی و بە ماڵەكەیا
دەیگەرِێنێ." ئەها بە بزەوە پێم دەڵێ: "پیكاسۆ
بیزانیایە تۆ ئاوا كار ئەكەی بە هۆی رِێزێ كە بۆ تۆ
هەیە، كاری نەئەكرد. مەگەر وا نییە. ئەها با قسەكانی
خۆتت بیر نەخەمەوە چونكو دەزانم هیچ شتێكت لە بیر
ناچێ." رِاستی! گوتبووت ئەچین سەرێكی شانەدەر
ئەیەین... رِاستی دوای ئەو شەوە چووی بۆ كوێ.
رِاستی با بیڵێم كە كوتیان: "شەوی چواردەی مانگ
كوژراوی و شەڵاڵی خوێن بووی باوەرِم نەكردبوو.
دەیانویست باوەرِبكەم ئەو قەبرەی وا دەمبەنە سەری
جەستەی تۆی تیایە. رِاستی دەبێ دەفتەرەكەمت بۆ بنێرم.
رِاستی كورِەكەمانم ناو ناوە یادگار. رِاستی ئەگەر پێت
خۆشە ناوەكەی ئەگۆرِم. رِاستی چوونەكەمان بوو بە چی؟"
من؟ من كەی شتی وام كوتوە. من كەی پیكاسۆم ناو بردوە.
من كەی هاتوومەتە دیوی تۆ تا تا بە بزەوە سەیری كاری
تۆ بكەم. من كەی كوتومە:كوتوومە؟ دەچینە شانەدەر و
سەیری ماڵی مرۆی نیاندرتاڵ دەكەین؟ من كەی تۆم ئەسڵەن
دیوە؟ دیومی، تا غەڵەتی وابكەم؟ من كەی رِۆشتووم؟ من
كەی كوژراوم؟ من كەی منداڵم لە تۆ بووە؟ من سەرم ناوە
بە بەدبەختیەكانی خۆمەوە. خۆم بە ئەو گۆشتە سووتاوەوە
خەریك كردوە. تۆ منت بەوەوە خەریك كردوە. تۆ هەرلەخۆوە
پەیا بووی ئەویش هەرلەخۆوە شكی خستە سەر من. تۆ بزانە
هەرلەخۆوە ئەو نەبوو بە ژنم. هەرلەخۆوە ئەو هێشتی دڵە
رِاوكەی تووش ببێ. هەر لەخۆوە ئەو دڵی لێ پیس كردم.
هەرلەخۆوە ئەو دەفتەرەكە و نامەكانی تۆی دۆزیەوە.
هەرلەخۆوە ئەو بێ ئەوەی بزانێ من ئەوكەسە نیم، من
باوكی منداڵی تۆ نیم، من تۆم نەهێناوە، من تە نیا كچێك
و كورِێكم هەیە. ئەو كورِەی تۆ هین من نییە،من ئەوانم
خۆش ئەوێ. هەرلە خۆوە بۆ ئەوەی ئەو پێم بڵێ من درۆم لە
گەڵا كردوە، هەرلەخۆوە ئەو ئەو وای زانیوە من خۆشم
نەویستوەو، من كڵاوم سەركردوە. ئەو بۆ ئەوەی منداڵەكان
بە سەر منا بەجێ بێڵی.
بە بۆ چوونی خۆی یا نازانم ئازارم بات. یا
نازانم بەو كارەی بەخۆما بێمەوە. هەرلەخۆوە ئەو وای
بیر كردبوەوە ئەو دەبویایە بیزانیایە من بێ ئەو هیچم.
تۆ هەرلەخۆوە ئەو نامانەت بۆمن بە كورِەكەتا دەنارد.
دەبوویایە بتزانیایە دەكرێ لە ناكاوە هەموو شتێ تێك
بچی. لە ناكاوە ئاژاوەم بۆ بنێیتەوە. لە ناكاوە
منداڵەكانم بۆ دایكیان بگرین. لە ناكاوە بۆمە
لەرزەیێكی دە رِیشتری بیا لە ژیانم و لە ناكاوە
منداڵەكانم تا نزیكی هەتیو بوون بچن. لە ناكاوە بۆنی
سووتانی گۆشت لە دیوەكان رِاپێچ بێ. لە ناكاوە ژنەكەم
بە سووتاوی لە بیمارستان بێ. لە ناكاوە من ببم بە
درۆزن.
دەمهەوێ
ئەودەفتەرەت ئەو نامانەت ئەو گشت قسە چەوتانەت ئەو گشت
هۆی داماویەم هەموویان كۆ وەكەم بیانسووتێنم و لە
مێشكمی وەسرِم. من دەبێ تۆ ببینم ئەم رِستەیم چەنە
گەورە بۆ نووسی ئەوەندەشم لە كورِەكەت دوو پات كردەوە.
نە ئەبوایە بهاتیایە نا ئەبوایە تۆم لە گەڵ ژنەكەم
بەراورد كردایا نەئەبوایە ئەو تابلۆیەم لێ وەرگرتیایە
ئەبوایەبمزانیایە تۆ لەگەڵ منا ناسیاو نین ئەبوایە
بمزانیایە هەڵچوون و داچوونی مانگ تۆش دادەگرێ ئەبوایە
ژنەكەشم بیزانیایە ماڵ وێران بووی ئەبوایە بیزانیایە
ژنەكەم كە لە بیمارستان هێناوە، دەم و چاوێكی باند
پێچی سپی بوو. دەبوایە موو بە سەریەوە نمابایە. لەشی
دەبوایە وەك خاڵۆژنمی لێ بهاتایە ئێستاش هەر خۆشم ئەوێ
بابە منداڵیش لە خاڵۆژنم بترسامایە كە شلووقیم بكردایە
با بیانگوتایە: "ئەوە بانگی خاڵۆژن ئەكەین" و من
بچوومایە ئەو قوژبنەی كە ئوقرەم تیا ئەگرت. من كە
چووبووم بۆ حەمام لەوێ لەشی خاڵۆژنم دیبوو كەگۆشتی
سووری پێوە بەر ببوەوە هەمیشە بە ترسەوە دەچووم بۆ
حەمام دەترسام خاڵۆژن لەوێ بێ قینم لە حەمامی ژنان بوو
لەوێ دەترسام. باش بوو خاڵۆژن و دایكم شەرِیان بوو.
وابزانم هەر لەبەر دوعاكانی من شەرِیان بوو. ئەو
داماوە چووبوو بۆ لای هەر دوكتۆرێ عەلاج نەبووبوو. تۆ
ئەمانە نازانی نەمهێشتوە كەسیش بزانێ. ئەویش ئاگاداری
ئەمانە نییە. ئەسڵەن خاڵۆ ژنیشی نەدیوە. نەشی زانیوە
خاڵۆژن كە مناڵەكەی مرد ئەویش سكی دا، یان بە هۆی
برینەكانی كە ئەو شیمیاییە لە سەر لەشی جێی بۆ كردبوو،
مرد. بۆ ئەبێ ئەو ئەمانە بزانێ. رِەنگە زانیبێتی، بۆیە
گرِی لە خۆی بەرداوە یا نا دووعاكنی تۆ گیرا بووبێ.
من دەبوایە تۆم بكێشایەوە. من دەبوایە تۆم بدیایە.من
دەبوایە بمزانیایە كە تۆ كێیت. دەبوایە بمویستایە كە
لە شوێنێكا بتبینم و حەقی خۆمت لێ وەكەم .كە هاتی
تەنیا توانیم پێت بڵێم زوو برِۆ، با بە یەكەوە نەمان
بینن. تابلۆكەت لە لپی دەستما جێ هێشتبوو. دەبوایە نەم
هێشتایە تۆ هیچ بڵێیت. ئەگەر شتێكت بكوتایە دەبوایە
بمكوتایا. كە وایە. هەموو شتێك وایە، تۆ رِاست ئەكەی.
من تۆم دیوە.ئەها چاوت لە چاوم برِیوە ئەتوانم
حاڵەتەكەشی بگۆرِم. لەگەڵتا ژیاوم ئەها دەست بە ناو
چاوانتا دێنم . ئێستاش تابلۆكەتم پێیە.ئەها لەم لای
سێپایەكەی تۆوە بەرامبەرت دای دەنێم. دەزانم ئەو منی
حەوت ساڵ لەمەو بەرە.ئەها پێشە سەرم نەرِۆیوە. تۆش هین
دە ساڵ لەمەو بەری ئەها لە كارگەی نەقاشی هەرچیم دەكرد
نە ئەهاتیتە بەر چاوە و نەم ئەتوانی بتكێشم. ئەم كارەت
هیچ لە كارەكانی پیكاسۆ ناچێ .ئەها هینەكەی منیش .چاكم
بۆ نووسی: "باش بزانە تۆ رِاست ئەكەی. بەڵام باش بزانە
من ژنێك و دوو منداڵم هەیە. باش بزانە من بێجگە ئەو
رِۆژە قەت تۆم نەدیوە."
من. من لێرەیا درۆم كرد. پاشان درۆكەم رِاست كردەوەو
نووسیم "باش بزانە تەنیا تۆ لە خەون و خەیاڵەكانی
منداڵیما نا لاویەتیما بوونت هەبووە. باش بزانە حەوت
هەشت ساڵ بە دواتا گەرِام. باش بزانە دەش زانی من تۆم
نەدیوە. باش بزانە لە مەرِ مێردەكەتەوە لێكۆلینەوەم
كردوە. باش بزانە كۆمەڵی وێنەیم
لایە. ئەوەش ئەزانی كە هیچ لە من ناچێ. بۆ
رِاستی وێنەیێكیت بۆ دەنێرم"ئەزام ئێستا جێگەی سووتاوی
ژنەكەم ئەكزێتوە و نازانم تۆش خۆت ئەسووتێنی ناتوانی
مەگین من بتسووتێنم. رِەنگە ئەو خۆی بسووتێنێ! تۆش
تووشت بە تووشمەوە نابێ ئیتر. ئیتر. هەموو شتێك
دەتوانێ لە دوو چاوەوە دەست پێ نەكا. هەموو كەسێ
دەتوانێ لە دوو چاوەوە نەرِوانێتە دونیا. تۆش لە دوو
چاوەوە دەستم پێ ناكەی كە نووقابێ وایە؟ وایە...
|