|
محمد حسین/
كه‌لار
به‌م جۆره باوكمیان كوشت،
هه‌روایش زیندویان كرده‌وه، كه‌س نه‌یزانی بۆ
سه‌رنگونیان كرد و بۆچی هێنایشیانه‌وه، وه‌ك
ئه‌وه‌ی
ئامانجێكی باڵایان له‌ناو دوژمنه‌كانی سه‌رۆك و
حیزب و ده‌وڵه‌تدا پێكابێت، ده‌ستیان چووه كوشتنی
ئه‌و پیاوه چاره‌ڕه‌شه‌ی كه تا ئێستایش نازانین
بۆچی ئه‌یكوژن، بۆچی دواتریش به‌زیندوی
ئه‌یهێننه‌وه... یان كه جارێكی‌تر دێته‌وه بۆ وازی
لێ ناهێنن؟
وه‌ك چیرۆكه ناماقوڵه‌كانی ناو خه‌یاڵگه‌ی
سیناریسته‌كانی هۆلیۆد، وه‌ك ئه‌ندازه‌ی ئه‌و
گه‌ڕه‌كه ته‌جاوزانه‌ی له كه‌ناری
شاره‌خواپێداوه‌كاندا دوكه‌ڵی كوێره‌وه‌ری و
نه‌هامه‌تی لێ هه‌ڵئه‌سێت، ئه‌م چیرۆكه‌ی باوكیشم
پڕه له ناماقوڵیه‌ت، پڕه له قه‌ده‌ری بێ مانا.
كاره‌ساتێكه و پێكهاتووه له زنجیره‌یه‌ك دیمه‌نی
پێكه‌نیناوی كۆمیتراژیدی، كه جگه له‌من ئه‌كرێـت
هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌م دنیایه چێژی لێ ببینن.
قه‌ده‌ری من وه‌هابوو، ئه‌بوایه هه‌ر به‌سه‌ر
شوێنه‌واره‌كانی كاره‌ساته‌كه‌دا بهاتایه‌م، به‌شوێن
ڕه‌وینه‌وه‌ی ته‌می به‌یانیه سارده‌كانی چاوه‌ڕوانی
دوای نوێژی به‌یانی داپیره‌م، ڕاچه‌نینی خه‌وی خۆشی
به‌یانیانم ئه‌زمونكردایه، ڕیپۆقی چاوی
بێداربونه‌وه‌م به لێواره چڵكنه‌كه‌ی لێفه‌كه‌م
بسڕیایه. قه‌ده‌رێكه و ئه‌بوایه پڕ به ئازاره‌كانی
بژیایه‌م. من گیرۆده‌ی ئاه و هه‌ناسه قوڵه‌كانی
دایكم بوم، له هه‌موو شت زیاتر به ئازاره‌كانی ئه‌و،
قسه ڕه‌ق و تاڵه‌كانی، ئه‌و بێده‌ربه‌ستیه‌ی ئازاری
ڕۆحی داپیره‌می پێ ئه‌دا، ئه‌پلامه‌وه. كه
ئه‌یگوت "به مردنه‌كه‌یشی هه‌ر له ئۆمه‌تی
محمد جیاواز بوو" ئیتر له ده‌ریایه‌ك گوماندا غه‌رقی
ئه‌كردم، گومان له‌هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی كه نه‌ئه‌كرا
من گومانی لێبكه‌م، له‌هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی له
حه‌سره‌ت بێ باوكیمدا ده‌ستبه‌رداری وه‌ڵامه
نه‌بیستراوه‌كانی ئه‌بووم .
به‌پێی گێڕانه‌وه‌كانی دایكم: بیست و حه‌وت ساڵ و
حه‌وت مانگ و حه‌وت ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، له
سێشه‌مه‌یه‌كی ته‌ڕی
مانگی ڕێبه‌ندانا، من له دایك ئه‌بم . پێش
ئه‌وه‌ی له دایك بم و بێمه ناو ئه‌م ژیانه پڕ
ده‌ردیسه‌ریه‌وه، پێش ئه‌وه‌ی ببمه ژماره‌یه‌ك له
هیچ خێزان و گه‌ڕه‌ك و شارێكدا، له بارودۆخێكی
ته‌مومژاویدا باوكم نامێنێت. یان وه‌ك ئه‌وه‌ی كاتی
خۆی دایان نابوو ئه‌كوژرێت.
ئه‌كوژرێت پێش ئه‌وه‌ی بیبینم و بیناسم، بمبینێت
و بمناسێت، وه‌ك ئه‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی له‌و
ڕۆژگاره‌دا ئه‌كوژران و كه‌سیش نه‌یئه‌زانی له‌سه‌ر
چی و
بۆ چی؟ به‌یانیانێك له‌ماڵ ئه‌چێـته‌ده‌ره‌وه و ئیتر
نایه‌ته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ حسابێكی بۆ
نه‌هاتنه‌وه‌ی كردبێت، بێ ئه‌وه‌ی بزانێـت چ
قه‌ده‌رێكی شوم له بوسه‌دایه بۆی . دوای دوو
هه‌فته به نیمچه داڕزاوی و به بۆگه‌نێكی زۆره‌وه
ته‌رمه‌كه‌ی ئه‌برێته نزیكترین بنكه‌ی پۆلیسی شار.
هه‌میشه مردن هه‌روابووه، خراپترین و نه‌گونجاوترین
كاتی بۆ ئاده‌میه‌كان هه‌ڵبژاردووه. وه‌ك ئه‌وه‌ی
خۆی كه‌م سامناك بێت، بیه‌وێت به‌م كوتوپڕیه‌ی ئه‌و
كه‌سانه بترسێنێت كه له‌به‌ر ژیان نایانه‌وێـت
له‌مردن بترسن.
له
كوشتنه‌كه‌ی باوكمدا هیچ لۆجیكێك به‌دی نه‌ئه‌كرا،
كه‌س وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆ نه‌ئه‌درایه‌وه كه
ئه‌یگوت: ئه‌م پیاوه بۆ ئه‌كوژرێت. به دڵنیاییه‌وه
كوشتنه‌كه‌ی كاری له گۆڕینی هیچ هاوكێشه‌یه‌كی
سیاسیش نه‌ئه‌كرد، (وه‌ك ئه‌وه‌ی كوشتنه‌كه‌ی ڕه‌فیق
حه‌ریری كردی)، وڵاته‌كه‌مان هه‌ستی به
له‌ده‌ستدانی ڕۆڵه‌یه‌كی به‌ئه‌مه‌ك و دڵسۆزی خۆی
نه‌ئه‌كرد، (وه‌ك چۆن كاتی مردنی به‌رپرسه
گه‌وره‌كان، هه‌ندێك میدیاكاری ڕوپاییكه‌ر ئه‌یڵێن).
به‌قسه‌ی هاوڕێ شاعیره‌كه‌م ته‌نها سودمه‌ندی ئه‌م
كوشتنه هه‌ر باوكم خۆیه‌تی، سودمه‌ندی سه‌ره‌تاو
كۆتایی چیرۆكه‌كه هه‌ر ئه‌وه‌و به‌س. چونكه به
كوژرانی له ناكاتی، یه‌كسه‌ر له پیاوێكی ئاسایی
كه‌س نه‌ناسه‌وه گۆڕا بۆ پاڵه‌وانێكی پڕ له نهێنی،
له‌و پاڵه‌وانانه‌ی تۆماری شه‌هیدانی حیزب به
شانازیه‌وه شه‌ره‌فی تێكۆشه‌رێكی نهێنیان پێ
ئه‌به‌خشی. له‌لای دایكیشم به جارێك وێنه‌كه‌ی
گۆڕا، تا زیندوو بوو دایكم قه‌ت ئاماده نه‌بوو دانی
خێری پیابنێت، كه بینی به‌و ده‌رده ڕۆیشت، سۆز و
حه‌نینێكی زۆری بۆ دروست كرد، كه هه‌رگیز به‌راورد
نه‌ئه‌كرا به‌سه‌رده‌می زیندویه‌تی. به ڕاستی پیاوێكی
كه‌م به‌خت بوو باوكم، تانه‌مرد نه‌بووه شۆڕه‌سواری
خه‌ونه‌كانی هیچ كه‌سێك، ته‌نانه‌ت به‌دایكیشمه‌وه.
دایكم
كه تا ئه‌مڕۆیش ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌بیرنه‌چووه به
نابه‌دڵی و به‌زۆر داویانه به‌شو، هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌یش
به‌كوژراوی ته‌رمه‌كه‌ی بۆ دێننه‌وه، نێوانیان هه‌ر
ناخۆش ئه‌بێت. ئه‌و گومانی وه‌ها ئه‌بێت ئه‌و كۆنه
دراوسێی گونده‌كه‌یان، كه كاتی خۆی له‌سه‌ر بێستان
ناكۆكی ئه‌كه‌ویـَته نێوانیانه‌وه
كوشتویه‌تی.ئه‌ڵێت: "هه‌ر ئه‌و سه‌گبابه‌یه
ئه‌وه‌نده ڕقی لێمانه، ئه‌گینا ئه‌و خراپه‌ی
بۆكه‌س نه‌بووه و دوژمنێكی دیار‌و ئاشكرایشی نه‌بووه
تا بڵێین..."
مامه ڕۆسته‌م، براگه‌وره‌ی باوكمه و له‌سه‌ر
به‌شه‌ماڵ دابه‌شكردن چوارده ساڵی ڕه‌به‌ق
مه‌رحه‌بایه‌كیان له‌نێواندا نامێنێت، دڵنیایه
له‌وه‌ی باوكم به‌ده‌ست جه‌لاوزه‌كانی به‌عس
كوژراوه، چونكه چه‌پێكی شۆڕشگێڕی ده‌منه‌وه‌ستاوی
زمان هه‌ڵه‌شه‌ی ڕۆژگاری خۆی بووه.
دراوسێیه‌كمان كه شۆفێری پاسی هێڵی كه‌لار-
به‌غدایه، ئه‌ڵێت: "به‌چاوی خۆی باوكمی بینیوه
له‌گه‌ڵ پیاوێكی ڕه‌شتاڵه‌ی بالاَبه‌رزدا سوار
پاسێكی به‌غداد ئه‌بێت، هه‌تا كه‌وتونه‌ته ڕێیش
هه‌روا پێكه‌وه بوون، به‌لاَم دواتر
لێكۆڵینه‌وه‌كانی پۆلیس ده‌ریخست ئه‌و ئۆتۆمبیله
ئه‌وانی تیانه‌بووه كاتێك گه‌یشتۆته به‌غداد.
بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه ڕه‌شتاڵه گومان
لێكراوه، زۆر گه‌ڕاین. وتیان فه‌رمانبه‌رێكی
په‌روه‌رده‌یه، چوین و ئه‌و نه‌بوو. كرێكارێكی
پۆسته‌و گه‌یاندنه... شۆفێرێكی ته‌كسیه...
تائێستایش هه‌ر به‌دوایدا ئه‌گه‌ڕێین و
نه‌ماندۆزیوه‌ته‌وه. داپیره‌یشم هه‌ركه بیری
ئه‌كه‌وته‌وه، به‌حه‌سره‌تێكه‌وه ئه‌یگوت: "وه‌ی
له‌و خوێنه‌ی شه‌وی به‌سه‌را دێت، ئیتر هه‌ر
نادۆزرێته‌وه."
باوكم تا مردیش به‌لای كه‌سه زۆر نزیكه‌كانی
خۆیه‌وه مایه‌ی گرنگی پێدان نه‌بوو، لای كه‌س
خۆشه‌ویست نه‌بوو. نه‌وه‌ك هاوسه‌ر، نه‌وه‌ك برا،
نه‌وه‌ك هاوڕێ، نه‌وه‌ك هاونیشتمانی... به‌لاَم دوای
كوژرانی به‌و شێوه تراژیدیه، به‌جارێك هه‌موان گۆڕان
به‌رامبه‌ری، ئیتر كێرڤی خۆشه‌ویستی هه‌مولایه‌ك
به‌رز بوه‌وه بۆ جوانه‌مه‌رگیه‌كه‌ی، بۆغه‌دری
كوشتنه‌كه‌ی، بۆ ئه‌و ئاواتانه‌ی بردیه ژێرگڵ و
نه‌هاتنه دی.
چه‌ند
به‌خته‌وه‌ر بوو باوكم، ئه‌وه‌ی له‌ژیاندا لێی بێبه‌ش
بوو به مردویی به‌ده‌ستی هێنایه‌وه.
بۆمن گرنگ بوو بزانم ئه‌م باوكه چۆن پیاوێك بووه،
چۆن فه‌رمانبه‌رێك و چۆن برایه‌ك و چۆن نیشتمان
په‌روه‌رێك بووه. هیچ له‌وه ناخۆشتر نیه له
بۆشاییه‌كی مێژوییدا بژیت، ڕابردویه‌كت نه‌بیـَت
یادوه‌ریه‌كانتی تیا زیندوكه‌یته‌وه، سه‌روه‌ریه
وه‌همیه‌كانتی لێوه وه‌ربگریت. بۆمن ژیانی هه‌تیویم
چه‌ند سه‌خت بوو، خوێنگمی كوژرانه‌كه‌ی باوكم زیاتر،
هیچنه‌زانین له‌باره‌ی ئه‌و ڕۆژگاره‌ی تیا ژیابوو
ئازاره‌كه‌ی به‌سوێ تر بوو. ده‌مویست به زانینی ئه‌م
سیفه‌تانه‌ی، به هه‌ڵگرتنی شوێنپێ ونه‌كانی، كوت
كوتی وێنه وردوخاشبوه‌كه‌ی ناو خه‌یاڵم
كۆبكه‌مه‌وه.
من تاڕاده‌یه‌ك بیانوی خۆم هه‌بوو بۆچی ئه‌گه‌ڕێم،
هه‌موان ده‌یانزانی وێڵی دوای باوكایه‌تیه‌كی
له‌ده‌ستچوم، به‌ڵام ئه‌ی مامه ڕۆسته‌م و دایكم و
نقیب عه‌لی هاوڕێی بۆچی ئه‌گه‌ڕێن. ئه‌شێت دوای
ئه‌و هه‌موو ساڵه دۆزینه‌وه‌ی بكوژه‌كانی باوكم چ
سودێكی هه‌بێـت بۆئه‌وان؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره بوو
كه‌س وه‌ڵامه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی نه‌ئه‌زانی.
هه‌ڵبه‌ته دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه، تائێستاكه‌یش
له‌من زیاتر هیچ كه‌سی تر نایزانێت.
ڕاسته وتویانه: "باوك كوژراو له‌حه‌قی خۆی خۆش
ئه‌بێت، به‌ڵام پلاَو و گۆشت خۆر واز ناهێنیـَت."
هه‌موتان ئه‌زانن ئه‌م باوكی منه ئه‌گه‌ر بیشمایه
پیاوێكی دیاری ناو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو نه‌ئه‌بوو،
به‌دڵنیاییه‌وه نه‌ئه‌بووه ئه‌ندام په‌رله‌مان و
پارچه‌زه‌وی ڕوكنی به‌كه‌سیان نه‌ئه‌به‌خشی،
نه‌ئه‌بووه شاعیری ناو ئاهه‌نگ و بۆنه و یاده‌كان،
له‌گه‌ڵ گۆرانیه‌كانی عه‌لی مه‌ردان دا كه‌مانجه‌ی
نه‌ئه‌ژه‌نی، وه‌ك خۆی باسی ئه‌كات بۆدایكیشم پیاوێكی
بێزاركه‌ری كه‌لڵه‌شه‌ق بوو. به‌لاَم بۆمن
مه‌سه‌له‌كه به جۆرێكی تره، هه‌ر هیچ نه‌بێـت
كه‌لێنی بێ باوكی بۆ پڕ ئه‌كردمه‌وه، ئه‌و كه‌لێنه‌ی
ته‌نها من ئه‌زانم چه‌ند ناخۆش و ئازاراویه.
هاوڕێ شاعیره‌كه‌م هه‌ر كاتێك باسی باوكمی بۆ ئه‌كه‌م
ئه‌ڵێت: "گرنگی ئه‌م جۆره پیاوانه دوای مردنیان
ده‌ر ئه‌كه‌وێـت، ئه‌گینا به ژیانیان كه‌ڵكێكی
وه‌هایان بۆ هیچ كه‌سێك نیه... ئه‌مانه بۆیه ئه‌مرن
تا نیشانی ده‌ن دوای ئه‌وان، چه‌نده برینی به‌سوێ
له‌ژیاندا ده‌م ئه‌داته‌وه."
كه‌من پێم ئه‌گوت:
- نا هاوڕێكه‌م، ئه‌وه گرنگی ئه‌و نییه مردنه‌كه‌ی
ئه‌یه‌وێـت نیشانمان دات، به‌ڵكو پێداویستی ئێمه‌یه
به‌ئه‌و، پێداویستیی من و دایكمه، كه‌تا ئێستایش
شه‌رم ئه‌كات باسی شوكردنه‌وه بكات... یاخود
ئه‌ترسێـت نه‌وه‌ك كوشتنه‌كه‌ی باوكمی به‌سه‌ردا ساق
بكه‌نه‌وه. خوانه‌ناسانه بڵێن: "كوڕه هه‌ر ئه‌و
ژنه عه‌یاره به‌كوشتی دا... تا مردیش به ڕوخۆشی
پیالاَیه‌ك چای بۆ دانه‌نا."
***
ساڵه‌كانی ته‌مه‌ن ئه‌هات و ئه‌چوو، من به هه‌تیوی و
دایكم به بێوه‌ژنكۆشی و داپیره‌م به‌پیری و
جگه‌رسوتاوی، ژیانێكی پڕ له نه‌هامه‌تی، ماڵێكی پڕ
له سه‌رما و هه‌ڵله‌رزینی هه‌ژاری و كوله‌مه‌رگیمان
ئه‌برده سه‌ر. به‌رده‌وام ئه‌وان چاویان له
گه‌وره‌بونی من بوو، منیش له غه‌مناكی و ڕه‌شپۆشی
دایكم، له زیاتر پیربوون و چرچ و لۆچبونی داپیره‌م
بوو...
له یه‌كێك له شه‌وه تاریك و درێژ و سارده‌كانی
مانگی شوباتدا، داپیره‌م سێهه‌مین خه‌ونی شومی خۆی
ئه‌بینێت، ئه‌و له‌هه‌موو ته‌مه‌نیدا سێ جار خه‌ونی
ترسناكی بینیوه، له‌و خه‌ونانه‌ی له نیوه‌شه‌واندا
به‌ده‌م ترسه‌وه ڕایچڵه‌كاندبێت. یه‌كه‌م خه‌ونیان
كوشتنی برا بچوكه‌كه‌ی به‌دوادا دێت، دووهه‌میان
كوشتنی كوڕه ناوه‌نجییه‌که‌ی (به واتای باوكم).
ئه‌و شه‌وه‌ی كه سێهه‌م خه‌ونی ئه‌بینێت، هه‌ر
نیوه‌شه‌و له‌ترساندا هه‌موومان هه‌ڵئه‌سێنێت، تا
به‌یانی ناهێڵێت كه‌سمان بخه‌وینه‌وه. جارجاره‌یش
به‌ده‌م هه‌ڵله‌رزینه‌وه و به ئاوازی هۆره‌یه‌كی
غه‌مناكه‌وه، به‌رده‌وام ئه‌م به‌یته دوباره
ئه‌كاته‌وه: "ده‌سته‌ی ئازیزان كارێك پێم كردن،
بێزار بووم له ژیان ڕازیم وه‌مردن."
بۆ سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ خۆركه‌وتندا درا له ده‌رگای
حه‌وشه‌كه‌مان، گوڕه‌ی بزوێنه‌ری سه‌یاره‌یه‌ك و،
ورته ورتێكمان به عه‌ره‌بیه‌كی موسڵاویانه بیست.
به بێده‌نگی و له كه‌شێكی پڕ له‌ترسدا،
سه‌یاره‌یه‌كی لاندكرۆزه‌ری زه‌یتونی، پیاوێكی لاوازی
نیوه‌گیانی كۆڵه‌وار، له توێی به‌تانیه‌كی كۆنه‌دا
و به‌هێوری فڕێی ئه‌داته به‌ر ده‌رگاكه‌مان، دایكم
گوێی له یه‌كێكیان ئه‌بێت به كوردیه‌كی شكاو پێی
ئه‌ڵێت: "وسكوت به ها. ده‌نگت نا هه‌بێت. عه‌دل بچۆ
ماڵ."
ئه‌و پیاوه باوكم بوو، هه‌ر یه‌كه‌م ساتی بینینی
ناسیمه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ڕاچه‌نین و په‌شۆكانه‌كه‌ی
دایكم پێمبڵێت، هه‌ڵهه‌ڵه لێدانه‌كه‌ی داپیره‌م
دڵنیامكات، من ناسیمه‌وه. هه‌ر له شێوازی
ڕوانینه‌كه‌ی، له ڕوخساره داته‌پیوه‌كه‌ی، كه
نه‌خشی ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی
له‌سه‌ر هه‌ڵكۆڵرابوو، زانیم ئه‌و پیاوه نیوه‌گیانه
باوكمه.
به‌درێژاری
چوارده ساڵ باوكم به سه‌هویه‌ك ئه‌گیرێت، به‌هۆی
لێكچوونی ناوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ناوی سیانی كه‌سێكی تر كه
له‌لایه‌ن ده‌زگای ئه‌منه‌وه داواكراوبوه، ئه‌یگرن
و ئه‌یبه‌ن. ئیتر ئه‌و به‌یانیه بۆمان ده‌ركه‌وت كه
ئه‌و ته‌رمه‌ی به‌ناوی باوكمه‌وه نراوه‌ته گۆڕ
ته‌رمی پیاوێكی تره، یاخود باوكێكی تره، له‌و
باوكانه‌ی كه تا ئه‌مڕۆیش مردنه‌كه‌یان وه‌ك نهێنی
هه‌رماوه‌ته‌وه، باوكێك خودا ئه‌زانێـت ئێسته
چه‌ندێكی وه‌ك منی هه‌بێت چاوه‌ڕێی بكات.
بۆ خۆشبه‌ختی باوكم، به‌م دواییانه كه زیندانه‌كان
سه‌رحساب ئه‌كه‌ن، چاوێك به فایله‌كه‌ی ئه‌ویشدا
ئه‌خشێنن، دوای فه‌یسێكی تری لێپرسینه‌وه‌و
لێكۆڵینه‌وه بۆیان ده‌ر ئه‌كه‌وێت ئه‌مه ئه‌و كه‌سه
نیه كه كاتی خۆی لای ئه‌وان داواكراو بووه. ئیتر
ئه‌فسه‌ره جل سه‌وزه‌كه به تۆزێك نیگه‌رانیه‌وه،
به كوردیه‌كی شكاوه‌وه پێی ئه‌ڵێت: "كاكه خۆت
ده‌بێـت عه‌فومان كه‌یت، ئیمه له خدمه‌ی حیزب و
سه‌وره... ئه‌ختائ ئه‌بیت هه‌ر... یعنی فی كل مكان
ئه‌م شتێله ممكنه."
دوای ئه‌وه‌ی باوكم گه‌ڕایه‌وه، ئه‌و كه‌لێنه‌ی
له ژیانی هه‌مووماندا دروستی كردبوو پڕی
ئه‌كاته‌وه، چوار مانگ له‌گه‌ڵمانا ئه‌ژی و
دواتر بانگ ئه‌كرێت بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی،
یه‌كسه‌ر ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگی ئێران- عیراق
ده‌كرێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌رنگونبوندا به‌هره‌ی
هه‌بێت، یاخود مردن و بێ سه‌ر و شوێنبوون تام و چێژێكی
تیابێت و ته‌نها ئه‌و فێری بوبێت. پێش ئه‌وه‌ی یه‌ك
مۆڵه‌تی (جمعه‌و خه‌میس) وه‌رگرێت و سه‌رێكمان
لێبداته‌وه، له هیرشه‌كه‌ی فاودا جارێكی تر هه‌م بێ
سه‌روشوێن ئه‌بێته‌وه.
ئه‌م باوكی منه، مردنه‌كانی هێنده ته‌مومژاوی و
پڕنهێنیه، دوای هه‌رمردن و سه‌رنگونبونێكی كۆمه‌ڵێك
چیرۆكی جیاجیای له‌سه‌ر دروست ئه‌كرێت، منیش
هه‌لپه‌رستانه، به‌گوێره‌ی ڕۆژ، هه‌ر جاره‌و یه‌كێك
له‌حكایه‌ته‌كانی به‌ڕاست ئه‌زانم، كامیان سودی ڕۆژی
تیابێت وه‌ك چیرۆكی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و وه‌ریده‌گرم.
دووهه‌مین سه‌رنگونبونی هیچ ته‌رمێكیمان
وه‌رنه‌گرته‌وه، به‌ڵام كۆمه‌ڵه حكایه‌تێكی جیاجیای
مردنه‌كه‌یمان ده‌ستكه‌وته‌وه. وتیان شه‌هید بوه و
ته‌رمه‌كه‌ی ده‌ست هێزه‌كانی ئێران كه‌وتووه، وتیان
پشتی له شه‌ڕه‌كه كردوه و ویستویه‌تی هه‌ڵبێت،
دواتر یه‌كێك له ژه‌نراڵه پله‌به‌رزه‌كانی به‌ره‌كه
بڕیاریداوه وه‌ك (جوبنائ القادسیه)* بیكوژێت و
بیخاته گۆمێكی مه‌نگی زۆنگاوه‌كانه‌وه.
ئه‌فه‌سه‌ركه‌ی خۆیشی پێی وایه هیچ كام له‌م
حكایه‌تانه ڕاست نین، به‌ڵكو ئه‌و به‌ده‌ست ده‌ردێكی
كه‌م وێنه‌ی بێده‌رمانه‌وه پێشتر هه‌ر ناڵاندویه‌تی،
ده‌ردێك كه پزیشكه‌كان نه‌یانتوانیبوو هیچ ده‌وایه‌كی
بۆ دیاری بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڵێت: له
ڕاپۆرتێكی پزیشكیدا كه بۆ فه‌رمانده‌یی سریه‌كه‌یان
ناردبو، نوسیبویان: "به پێویستی نازانین هه‌فته‌یه‌ك
مۆڵه‌تی بۆبنوسین، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه خۆی داوای
ئه‌كات، ئێمه شوێنه‌واره‌كانی نه‌خۆشیه‌كی قوڵی
ده‌رونی تیابه‌دی ئه‌كه‌ین... به‌ڵام باشه و هێشتا
هه‌ر ئه‌توانێت ئه‌ركه سه‌ربازیه‌كانی جێبه‌جێ بكات،
ئه‌م پیاوه به‌ر له شه‌ش مانگ له‌خۆشیا گه‌شكه‌ی
كردووه، شۆكی خۆشیه‌كی زۆر دوای ساڵانێكی زۆری
ناخۆشی و بێزاری وای لێكردووه دڵی توشی
لاوازیه‌كی زۆر ببێـت ..." ئه‌م ڕاپۆرته له‌باره‌ی
ته‌ندروستی باوكمه‌وه، وا له ملازم عدنان ی
ئه‌فسه‌ری ئه‌كات بڵێت: "ئه‌م پیاوه به‌هۆی شۆكی
خۆشیه‌كی زۆره‌وه دڵی لاواز ئه‌بێـت، شه‌وی
هێرشه‌كه‌یش له‌به‌ر ئه‌وی دوای شه‌ڕێكی زۆر به
سڵامه‌تی ئه‌گه‌ڕێـته‌وه، هێنده‌ی تر دڵخۆش ئه‌بێت،
ئیتر دڵی به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو خۆشیه ناگرێت و له
لێدان ئه‌كه‌وێت... بۆیه من پێم وایه ئه‌م پیاوه
ته‌نها له خۆشیا مردووه. ئه‌گینا هیچ هۆیه‌كی تر
نابینمه‌وه بۆ..."
كێشه‌ی من ئه‌وه نیه ئایا باوكم چۆن مرد، یان
شه‌هید بوو. به‌ڵكو گومانم له‌و خۆشیه هه‌یه كه
ملازم عدنان ئه‌ڵێت بوه‌ته هۆی وه‌ستانی دڵی. باوكم
له ژیانیا یه‌كجار خۆشی ئه‌بینێت، ئه‌ویش ئه‌و
ڕۆژه‌یه له زیندان به‌ری ئه‌ده‌ن. من ناتوانم بڕوا
بكه‌م باوكم له‌خۆشیا مردووه، له‌خۆشی ئه‌وه‌ی
دوای چوارده ساڵ سه‌رنگون بون، چوارده ساڵ ژیان بێ
ئه‌وی تیشكی هه‌تاو ببینێـت، له ساتێك‌دا پێی
ئه‌ڵێن: "ئه‌وه تۆ نیت گوناهباریت، بڕۆ... ئێمه
به‌سه‌هویه‌ك تۆمان گرت. ئه‌بوایه كه‌سێكی تر
بگیرایه‌ت، كه‌سێك هه‌روا وه‌ك تۆ ناوی (جوامێر علی
حه‌یده‌ر) ه. "
ئه‌فسه‌ره جل سه‌وزه‌كه به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی
تاڵه‌وه، به نه‌رمیه‌كی زاڵمانه‌وه پێی ئه‌ڵێت:
"له‌م سه‌هوه‌دا به‌ته‌نها ئێمه گوناهبارنین،
به‌پله‌ی یه‌كه‌م باوكت گوناهباره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
تۆی ناوناوه جوامێر، دواتر باپیره‌ت، ئه‌و كورده
شاخاویه نه‌گبه‌ته‌ی كه مه‌گه‌ر من بزانم پێچ و
لفه‌ی جامانیه‌كه‌ی، بمبووره (
من‌ع تفكیر )** ه كه‌ی چه‌ند بووه، له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی باوكتی ناوناوه علی. ئه‌گه‌ر تۆ هاوناوی
(جوامێر عه‌لی حه‌یده‌ر)ی سه‌گباب و ئاژاوه‌گێڕ
نه‌بویتایه، ئێمه چ كارێكمان به‌سه‌رته‌وه هه‌بوو."
ئێمه بۆ دووه‌م جار بێگومان بوین له مردنه‌كه‌ی،
دڵنیابوین ئیتر نایه‌ته‌وه. لای خۆمانه‌وه
هه‌موشتێكی ئه‌ومان مراند. جگه له یادگاریه
ناخۆشه‌كانی، كه‌چی به‌م دواییانه و سه‌رله‌نوێ
ناوی (جوامێر عه‌لی حه‌یده‌ر) هه‌م كه‌وته‌وه
ناوان. ئه‌ڵێن دوای 9/4/2003 له یه‌كێك له
زیندانه‌كانی كۆشكی كۆماری‌دا، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك
زیندانی تردا بینیویانه ڕایانكردوه‌و هوتافیان دژی
فارسه مه‌جوسه‌كان كێشاوه، چونكه هه‌ر وایان
زانیوه له‌زه‌مه‌نی شه‌ڕی ئێران – عراق دا ئه‌ژین...
یه‌كێك ئه‌ڵێـت له‌ناو ئه‌وزیندانیه ڕوت و بێ
شه‌رواڵانه‌دا بینراوه كه له ئه‌بوغرێب، ژنه
سه‌ربازه ئه‌مریكیه‌كه به‌جوڵه‌ی مارو پشیله
ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌دان...
ئه‌م باوكه بۆمن هه‌ر نه‌بوو. ئه‌گه‌رچی قه‌ت
مردنه‌كانیشیم ئه‌زمون نه‌كرد وه‌ك هه‌ر باوك مردنێكی
ئاسایی.
(جبنا‌و القادسیه) : به‌مانای خوێڕیه‌كانی شه‌ڕی
عێراق - ئێران دێت .
( من‌ع
تفكیر ) : ( به‌واتای ڕێگری بیركردنه‌وه ) دێـت ,
له‌عیراقدا وه‌ك سوكایه‌تی به سه‌روێن و مێزه‌ری
پیاو , ته‌نانه‌ت عه‌گاڵی عه‌ره‌بیش ئه‌وترا .
* ئه‌م چیرۆكه له‌ژماره 77 ی گۆڤاری ئاینده‌دا
بڵاو بۆته‌وه .
|