|
فه‌ڕۆخ
نێعمه‌تپوور
خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک هه‌موو باسیان ده‌کرد. ئه‌سڵه‌ن له
هه‌موو شوێنێک و له هه‌موو کاتێکدا باس باسی ئه‌و
بوو. له کاتی ژه‌مدا، له دوکان، له دانیشتی
ئێوارانی گه‌ڕه‌ک، له کاتی نانکردنی سه‌ر ته‌نووردا،
له دوا قسه‌کانی پێش خه‌وتن و ته‌نانه‌ت له‌کاتی
به‌یانی باشیشدا:
ــ ده‌زانی زۆر سه‌یره!
چه‌نده‌ش به راستی به لایانه‌وه سه‌یر بوو. یه‌ک
ده‌یگوت:
ــ وه‌جاغیان کوێره.
ئه‌وی دی ده‌یگوت:
ــ هه‌ر رۆژێک بێت ده‌که‌وێته خواره‌وه‌و...
ــ کوا بکه‌وتایه خواره‌وه! ئه‌و دایک و باوکه
زه‌لیله رزگاریان ده‌بوو!
ــ کوره خه‌ریکه منداڵانی گه‌ڕه‌کیش به‌دخوو ده‌کا.
ــ شێته، شێت بووه!
ــ گه‌ر وه‌ڵات ساحیبی هه‌با، به‌ره‌و شێتخانه
رایانده‌گواست.
به‌ڵام خه‌ڵک چه‌نده له قسه‌کانیاندا تووره بوون،
ئه‌وه‌نده‌ش له ده‌روونه‌وه گیرۆده‌ی رووداوه‌که‌ش
بوون. به لایانه‌وه سه‌یر بوو که چلۆن کوڕێکی ئاوا
جوان چاک که تازه غونچه‌ی گه‌نجیه‌تیه‌که‌ی
پشکوتبوو، ئاوای لێ به‌سه‌ر بێت. پیاوه به
ته‌مه‌نه‌کانی گه‌ڕه‌ک حه‌یفی جوانیه‌که‌یان ده‌خوارد
و ده‌یانگوت:
ــ بریا ئێمه‌یش کاتی خۆی ئاوا لاوێکی جوان باین!
ئه‌وه‌ی بۆ... هه‌ڵده‌که‌وێ بۆ راوکه‌ر هه‌ڵناکه‌وێ!
ژنه‌کانیش به ده‌م لێو هه‌ڵقرنجاندنه‌وه، روویان
وه‌رگێڕاو به سرته ده‌یانگوت:
ــ پیف پیف له‌و بریایه! به‌وه‌شه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌ن!
که ئێواره ده‌هات ئه‌و گه‌نجه جوان چاکه، درێژ
درێژ ده‌بوو و به سه‌ر چه‌ند بان و کۆڵانی گه‌ره‌کدا
راده‌کشا. ئیدی که‌س قۆڵ و جه‌سته‌ی لیک
نه‌ده‌کرده‌وه. سێبه‌رێکی یه‌کجار درێژ که له
کۆڵانێک، یاخود له سه‌ر بانێک له به‌ر یه‌ک
هه‌ڵده‌وه‌شاو له کۆتاییدا بزر ده‌بوو.
ده‌مه‌و ئێواره‌یان ئیتر هه‌موو که‌س چاوه‌ڕوانی بوو.
ژنانی گه‌ڕه‌ک له توو تروکاندن ده‌بوونه‌وه‌و سه‌ریان
هه‌ڵده‌بڕی، منداڵه‌کان وازیان له کایه ده‌هێنا و
گه‌ردنیان ده‌کێشا، پیاوه‌کان که له کار
ده‌هاتنه‌وه هه‌ر له کۆڵانه‌کانی ئه‌و سه‌ره‌وه
چاویان بۆ ده‌گێڕا. دیتنه‌وه‌ی زه‌حمه‌ت نه‌بوو،
چوونکه به‌و زه‌رده‌په‌ڕه کراسێکی زه‌ردیشی له به‌ر
ده‌کرد و ئیدی ده‌بوو به تۆپه‌ڵێک ئاگر. ئاگری
ئێوارانی گه‌ڕه‌ک! ده‌ئایسا و هه‌تا بزربوونی هه‌تاو
نه‌ده‌بزووت. چه‌نده‌ی ده‌خایاند؟ که‌س نازانێ. زۆر
که‌س هه‌وڵیان ده‌دا بیژمێرن، به‌ڵام خێرا له‌کاتی
ژماردندا له بیریان ده‌چووه‌وه. کاتی وا ماڵی ژماردن
نیه، کاتی لێڕامانه، کاتی بیرکردنه‌وه‌یه.
زۆر که‌س بریاریان دا که بچن و له گه‌ڵ دایک و باوکی
قسه بکه‌ن. هه‌ندێ که‌س ویستیان به‌ردی تێبگرن و
بیترسێنن. ژنان به پشته مله قسه کردن، ویستیان به
شه‌رمیا بخه‌ن، به‌ڵام هیجیان چاری مه‌سه‌له‌که‌ی
نه‌کرد. ئه‌و هه‌موو رۆژێک له‌و کاته‌دا ده‌چووه ئه‌و
شوێنه و ... ئا، هه‌موو ئێواره‌یه‌کی هاوین کاتێک خۆر
داده‌چوو و دنیا زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌را، ئه‌ویش ده‌چووه
سه‌ربان. رێک له‌و سووچه‌یدا که به سه‌ر
کۆڵانه‌که‌دا ده‌یڕوانی، راده‌وه‌ستا و په‌نجه‌ی
به‌ره‌و رۆژئاوای شار راده‌داشت و ره‌ق راده‌ما. وه‌ک
هه‌یکه‌لێکی به‌ردینی سه‌رده‌می یۆنانی کۆن و
رۆمیه‌کان به بێ جوڵه و سرته و به نیگایه‌که‌وه
که له زه‌رده‌ی خۆردا ون ده‌بوو، راده‌وستا. چ
ئاماژه‌یه‌کی ئه‌به‌دی! به به‌ژن و باڵایه‌کی کشاوه‌و
رێک و پێکه‌وه له دووره‌ده‌سته‌کان راده‌ما و ئیدی
که‌سی نه‌ده‌دیت. په‌نجه‌ی له گوێسوانه‌که‌ش
ده‌ترازا.
هه‌یکه‌لێکی کلاسیکی. وه‌ک هه‌یکه‌لی ئه‌سکه‌نده‌ری
مه‌قدوونی که به ئاماژه‌ی په‌نجه، سوپاکه‌ی به‌ره‌و
ولاته نادیاره‌کان به‌رێ کرد. شه‌ڕه بێ پایانه‌کان.
یاخود وه‌ک لینین، کاتیک به په‌نجه‌ی، وڵاتی
سۆسیالیستی پیشانی هه‌ڤاڵانی ده‌دا: "ئه‌وه‌تا
هه‌ڤاڵان، زۆری نه‌ماوه!" ئه‌م په‌نجه‌ی ئاماژه‌یه
چه‌ند رۆمانسی و چه‌نده ورووژێنه‌ره!
ــ سه‌یره دیسان ئه‌و شێته چووه‌وه سه‌ر بانی!
ئه‌مه‌یان ده‌گوت و راده‌مان. تێر نه‌ده‌بوون. سیحری
ئه‌و ئاماژه‌یه ئه‌وانیشی ده‌برد. ئه‌وسا به دزیی
یه‌کتره‌وه و به ئاسته‌م گه‌ردنیان ده‌کێشا و سه‌یری
ئاسۆیان ده‌کرد. چاوه‌ڕوانیی موعجیزه‌یه‌ک له
دووره‌ده‌سته‌کانه‌وه. که‌سێک یان شتێک که له
که‌سێک یان شته‌کانی دیکه ناچێ. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک
له دانیشتوانی گه‌ڕه‌ک فێر بووبوون که به دزیه‌وه
ئێواران ده‌چوونه پشت په‌نجه‌ره‌کان و له‌وێوه له
دووره‌ده‌سته‌کانیان ده‌ڕوانی. له‌و شوێنه‌ی ئه‌و
کوڕه کراس ئالتونیه ئاماژه‌ی پێ ده‌کرد. له سه‌یر
کردن تێر نه‌ده‌بوون. ئاه رازی ئاسۆ! ئاه رازی نیگای
کوڕه شێته‌که‌ی ئێوارانی سه‌ر بانی! هه‌ندێکیان
ته‌نانه‌ت فێر بووبوون ده‌گریان. فرمێسکه‌کان له کاتی
ون بوونی هه‌تاودا، روویان له زیاد بوون ده‌کرد.
رۆژان هاتن و رۆیشتن. په‌یکه‌ره ئاڵتونیه‌که‌ی سه‌ر
بانی، خه‌ڵکی پێی راهاتبوون. ئیدی نه که‌س سه‌ری بۆ
هه‌ڵده‌بڕی و نه که‌س له ئاسۆی ده‌ڕوانی. منداڵ
کایه‌یان ده‌کرد، ژنان قسه و پیاوانیش به‌ره‌و
ماڵه‌وه ده‌بوونه‌وه. په‌یکه‌ره ئاڵتونیه‌که‌ی
ئاماژه، ئیستا ئیتر ته‌نیا خۆی مابووه و خۆی. ئیستا
ئیتر ته‌نیا خۆی بوو و خۆی. ئه‌وه‌نده خۆی که
چۆله‌که‌و کۆتره سرکه‌کانیش لێی نه‌ده‌ترسان. له
سه‌ر شان و قۆڵ و په‌نجه‌ی ئاماژه‌ی هه‌ڵده‌نیشتن و
ده‌حه‌سانه‌وه.
هاوینێک و زه‌رده‌ی ئێوارانی بوو که په‌یکه‌ره‌که
نه‌خۆش که‌وت. چه‌ند جار ویستی و هه‌ستا که بچێ بۆ
سه‌ر بانی. جه‌سته ئیزنی نه‌دا. ده‌با چووبا. ده‌با
دیسان په‌نجه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌وێ کردبا. ئا، ئه‌وێ! ئاه
ئه‌وێی زه‌رده و تێکه‌ڵی دووره ده‌سته‌کان! چه‌ند
جار به دایک و که‌س وکاری گوت، به‌ڵام که‌س یارمه‌تی
نه‌دا. به هیوای ئه‌وه‌ی که چاک بێته‌وه ئۆقره‌ی
گرت! نه‌خۆشی تا ده‌هات خراپتر بوو و چاوه‌کانی ئه‌ویش
خه‌مگینتر. خه‌مگین، سیس و که‌مێک له‌رزۆک له شه‌ونمی
فرمێسکه هه‌میشه هه‌ڵنه‌وه‌ریوه‌کان. پێڵوه‌کانی
وه‌ک پێڵوه‌کانی زه‌وی و ئاسمان له ئێواراندا نیشتنه
سه‌ر یه‌ک. بۆ هه‌میشه نیشتنه سه‌ر یه‌ک.
په‌یکه‌ره‌که له سه‌ر بانی نه‌مرد.
که مرد، له بیره‌وه‌ریی وی دا به یادی په‌نجه‌ی،
کراسی ئاڵتونی به‌ری و ئاماژه سیحراویه‌که‌ی، ته‌نیا
چه‌ند ئێواره‌یه‌ک منداڵان، ژنان و پیاوانی گه‌ڕه‌ک
سه‌ریان هه‌ڵبڕی و له بانه‌که‌یان رووانی. چۆله‌که و
کۆتره‌کانیش ئیتر نه‌هاتنه‌وه. ئیستا ئیدی ته‌نیا
گه‌ڕه‌که و ئێوارانی ئاڵتونی و بانێکی چۆڵ له
هه‌یکه‌لێکی ئاماژاوی.
|