ئه‌نجومه‌نی قه‌ڵه‌می کوردستانی ئێران

چیــــــرۆک
 
 

پیاوێک که‌ بانگی ده‌کرد "ترێزا"

Home
فارسی
English
 

 

وه‌رگێڕانی: هه‌ژان بابامیری

هاتمە ئەم بەر پیادەڕەوەكەوه، له گەڵ ئەوەی كه ســـــــــەرم هەڵ‌بڕیبوو، چەند هەنگاوێ پاشەوپاش كشــامەوه. دەســتم دا دەور دەمم و هەر لەو ناوەڕاستــــــی شـــــەقامەوه رووەو نهۆمەكانی سەرەوەی ئاپارتمانەكه هەرام كرد: "ترێــــــــــــــــــــــــــــزا"

مانگەشەوێ بوو زەنگیانەت له بەری بگرتایەتەوه. كابرایێ له بەر دەممەوه رابرد.دیسان بانگم كرد: "ترێــــــــــــــــــــــــــــزا". كــــــــابرا گەڕایەوه بۆ لام و وتی: دەنگت بڕێ‌تر هەڵێنه. ئاوا پێموانیه بیبیسێ. با پێـكەوه قاو كەین. دەی. تا سێ ئەبژێرم. وتم سێ بەیەكەوه هاوار ئەكەین. چەند ئاواڵێ، وەك ئەوەی له شانۆ یا له چـاخانه گەڕابێتنەوه، بەوێدا تێ‌ئەپەڕین؛ كاتێ ‌دییان ئێمه خەریكین بانگی كەسێ ئەكەین، هاتن وتیان: دادەی با پێكەوه بانگ كەین. كابراكەی هەووەڵ وتی: یااااك...دوو...سێ! هەموو وێكڕا نەڕاندمان: "ترێــــــــــــــــــــــــــــزا!" یەكێ تریش هاته باڵمان. پاش چارەگێ، ژمارەمان له بیست و بڕێكی ئەدا. بەرەبەره زیادمان ئەكرد. بۆ ئەوەی له یەك كاتا و پێكەوه هاوار بكەین، ئەبوو هاوئاهەنگ بین. دیاره ئەوەش كارێكی ئاسان نەبوو. هەمیشه كەســێ ئەكەوته پێش "سێ"كەوه یا دوای ئەوه ئەیوت یا زۆری درێژ ئەكـــــــــــردەوه.بەڵام- پیاو هەقی خوا بڵێ - دوای‌ قەدەرێ خەریك بوو یەكدەس ئەبووینەوه. ئینجا له سەر ئەوه ساغ بووینەوه ، كه "ت" ێكەی كز و درێژ ، "ر" ێكەی زۆر قایم و بەرز و "زا" كەی كز و كورت بێژین .دەنگمان بەرز ببۆوه .لە‌گەڵ ئەوەی یەكێ پاش یا پێش بكەوتایه، قاڵمەیێك ساز ئەبوو. خەریك بوو به تەواوی هاوئاهەنگ بینەوه، كابرایێكی رەنگ هاوڵاوی پرسی: "باشه تۆ دڵنیای لەوەی له ماڵەوەیه؟"وتم : نا ! یەكێ تر وتی:دەی جا خۆ وا نابێ . كلیلەكانت پێیه؟ وتم: ئەرێ وەڵڵا پێمه! وتیان ئەی بۆ ناچیه ژوورێ؟ وتم: خۆ ئەمه ماڵی من نیه! من ماڵم لەو سەر شاره ! سیخنێكیان تیا بوو ،به پارێزەوه وتی:"جەســــارەت نەبێ؛ ئەی ئەم ماڵه، ماڵی كێیه ؟"وتم: وەڵڵا راستت ئەوێ ،نازانم!جەماعەت لەو قسەیەم دڵمەند بوون .ئەكێكیان به تەوسەوه پرسیاری كرد: ئەی بۆ یەك سەعاته لێره چەقیوی و یەك به خۆت ئەنەڕێنی، "ترێــــــــــــــــــــــــــــزا"؟وتم: مەرج نیه هـــــەر بڵێین ترێزا، ئەتوانین ناوێكی‌تر بانگ كەین،یا جێگایێكی‌تر تاقی‌كەینەوه،خـــــــۆ پووڵی تێ‌ناچێ! ئەوانی‌تریش كەمێ تووڕه‌بوون.كابرا هاوڵاوییەكه دڕدۆنگ ببوو؛وتی: "خــــــــۆ ئیشەڵڵا تیتاڵیمان پێ‌ناكەی ؟" وتم: چی؟!! بۆ ئەوەی نیاز‌پاكی‌خۆمیان پێ‌بسەلمێنم؛ وەرگەڕام و تماشـــــــــــایێكی خەڵكەكەم كرد.ئەوانی‌تر هیچیان نەگوت. ئەوەش پێشانی ئەدا، قسەكانمیان به حەسێبی درۆ و دۆدەیی دانەناوه. یەكێكیان لەو پەڕی ســـــاویلكەییدا وتی: ئەرێ بۆچی بۆ دواجاره بانگی نەكەین؟جا دوای ئەوه بڵاوەی‌كەین! دیســـــــان بانگمان كرد:"یاااك...دوو... سێ، ترێــــــــــــــــــــــــــــزا!"ئەمجار زۆر توند بانگمــــان كرد. له پاشان هەریەكەو به قۆڵێكدا بڵاوەمان كرد و بەرەو ماڵ بووینەوه. گەیشتبوومه دەور مەیدانەكه، گوێم لێبوو هێشتا یەكێ بانگی ئەكرد: ترێـــــــــــزااا! دیار بوو زەلامێكی كەللەرەق و لاسار بوو .

 

ــ ایتالو كالوینو ــ شاه گوش می‌كند ــ مترجمین: فرزادهمتی، محمدڕضافرزاد ــ انتشارات

مروارید ــ چاپ اول 1382

 



info@qelem.com