چاویلکه
له جاوه‌که‌ی سێ ئێواره‌ی هاوین
فه‌ڕۆخ
نێعمه‌تپوور
ئه‌و شاره‌ی
که من ئیستا به ئاسته‌م دێته‌وه یادم، چوار ده‌وری به شاخ
گیراوه. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده نیه، واوه‌تر له‌م شاخانه
دیسان هه‌ر شاخه و شاخ.
کێوه‌کان ئه‌وه‌نده زۆرن که بێ تاقه‌ت نابن. پاڵیان به پالی
یه‌کتره‌وه داوه و که‌مێک نه‌ویتر سه‌ریان له ئاسمان. جارجاره‌ش
هه‌وره‌کان ده‌بنه کڵاویان. به کڵاوی هه‌ور و به‌رگی باران و
به‌فره‌وه وه‌ک پیره‌مێردێک که هێشتا باوه‌ڕی به مه‌رگ و مردن
نیه، ده‌چنه ژوانی وه‌رزه‌کان.
له‌م شاره
من له دایک بووم و گه‌وره بووم، به‌ڵام له‌وێ پیر نه‌بووم. پیریم
له گه‌ڵ خۆم هه‌ڵگرت بۆ وڵاتانی دیکه. پیریی من له شوێنی دیکه
بوو. بۆیه ئیستا که من بیر له گه‌نجیه‌تی خۆم ده‌که‌مه‌وه، به
ناچار بیریش له‌وێ ده‌که‌مه‌وه. گه‌نجیه‌تی من له‌وێیه و ئه‌وێ
گه‌نجیتی من. من له‌وێ گه‌نجیه‌تیم جێ هێشت.
له‌و وڵاته‌ی
که تێیدا گه‌نجیه‌تی من به بێ من ئیستا ده‌ژی، کێوێک هه‌یه که
ون بووه. که‌سیش نازانێ! نه شاره‌که‌ی قه‌راغی و نه
ئاواییه‌کانی ده‌وروبه‌ری. خه‌ڵکی شار هه‌ر پێیان وایه له‌وێیه و
خه‌ڵکی گونده‌کانیش وه‌ک جاران ده‌چنه مه‌زراکانی و به‌رخه‌لی تیا
ده‌له‌وه‌ڕێنن. ته‌نیا من ده‌زانم خه‌ڵکی شار ته‌نیا به پێی
عاده‌ت ده‌زانن که ئه‌و کێوه هه‌ر له‌وێیه و خه‌ڵکی گوندیش له
به‌ر بژیویی ئاژه‌ڵه‌کانیان. ئه‌گینا ونه! ون بوونی ئه‌م شاخه،
نیگای خه‌ڵکیش ون ده‌کا. ئیدی چونکه نازانن که نیگایان ون بووه،
پێیان وایه که کێوه‌که‌ش هه‌ر له‌وێیه. منیش چه‌نده پێکه‌نینم
دێ یان خه‌مین ده‌بم به‌م راستیه.
له رۆژێک
له رۆژه‌کانی گه‌نجیه‌تیمدا که هێشتا ئه‌و کێوه بزر نه‌بووبوو،
ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ وه‌ختی رۆژێک له رۆژه‌کانی هاوین، به‌ره‌و
ماڵ ده‌ڕۆیشتمه‌وه. کۆلان و جاده ئیدی چۆڵ بووبوون و ته‌نیا، تاک
و ته‌را لێره‌و له‌وێ سێبه‌ری دوا رێبواران ده‌بیندران. ره‌نگه
ئه‌وانیش سێبه‌ری منیان ده‌بینی. له داڵغه‌ی خواردنی شه‌ودا بووم
که یه‌کێک له سێبه‌ره‌کان لێم نزیک که‌وته‌وه. له سێبه‌ره‌وه
بوو به جه‌سته و له جه‌سته‌وه به سیمایه‌ک، سیمای گه‌نجێکی
ره‌نگه ته‌مه‌ن بیست و پێنج ساڵان به کۆڵه پشتیه‌ک به
پشتیه‌وه. ویستم له‌وه زیاتر سه‌رنجی نه‌ده‌مێ، به‌ڵام
چاویلکه‌که‌ی و کۆڵه پشتیه‌که‌ی سه‌رنجی راکێشام. لێی ورد
بوومه‌وه. که‌چی هه‌ر چاویلکه‌که‌و کۆڵه پشتیه‌که‌م ده‌دیت!
راوه‌ستا. چاویلکه‌یه‌کی کۆڵ له پشت! یان کۆڵه پشتیه‌ک به
چاویلکه‌وه. دوا. به بێ هیچ هۆیه‌ک دوا. نه من هاوڕێی ئه‌و بووم
و نه ئه‌و هی من. نه من ئه‌وم ده‌ناسی و نه ئه‌و من . ره‌نگه
ئه‌وه‌ی که هه‌ر دووکمان دوو سێبه‌ری ئێواره‌یه‌کی هاوین بووین،
غیره‌تی قسه‌کردنی پێدابوو. دوو سێبه‌ر شتی هاوبه‌شیان زۆره.
ــ ده‌زانی
بۆ کوێ ده‌چم؟
سه‌رم سوڕما.
ئه‌وه‌ته‌ی من له بیرم ده‌هات خه‌ڵک ئێواران بۆ ماڵه‌وه
ده‌چوونه‌وه.
ــ نه‌وه‌ڵڵا
کاکه!
ویستم بڵێم
که به من چی که بۆکوێ ده‌چێ. ویستم بڵێم من که تۆ ناناسم، ئیدی
چیم به تۆ داوه. یان ره‌نگه ئه‌وه‌ی که بشمزانیبا به مانای خۆ
هه‌ڵقورتاندن له ژیانی خه‌ڵکی بوو. دیسان وتم:
ــ نه‌وه‌ڵڵا
کاکه!
ــ بۆ ئه‌و
شاخه!
سه‌رم
وه‌رگێڕا و سه‌یری شاخه‌که‌م کرد. وه‌ک من و ئه‌و و رێبوارانی
دیکه‌ی ئێواره‌ی شار، سێبه‌رێک بوو، به‌ڵام زه‌لام و تۆخ و به
هه‌یبه‌ت.
ــ بۆ ئه‌وێ
ده‌چم، به ته‌نیا! له گه‌ڵ رادیۆیه‌ک و شه‌مچه‌یه‌ک، به‌ڵام وه‌ک
مرۆ ته‌نیا!
ــ ...
ــ هاوینان
ئه‌مه ئیشمه. هه‌ڵبه‌ت نه هه‌موو شه‌وێ. هه‌فته‌ی جارێ. له
سه‌ر یه‌ک ده‌بێته نزیکه‌ی دوانزه جار. هه‌ڵبه‌ت له‌م هاوینه‌وه
ده‌ستم پێکردووه!
بیرم
کرده‌وه چۆن ده‌وێرێ.
ــ ناترسی؟
ــ
هه‌فته‌یه‌کی تر هه‌ر له‌م کاته‌دا یان که‌مێک زووتر گه‌ر
بتبینمه‌وه، پێت ده‌ڵێم که چم کردووه و چم بینیوه. رۆیشت.
راوه‌ستام و سه‌یرم کرد. له سیماوه بۆ جه‌سته و له جه‌سته‌وه
بۆ سێبه‌ر. ون بوو.
گه‌یشتمه‌وه
ماڵ. جل و به‌رگم گۆڕی. نانم خوارد. له گه‌ڵ ماڵه‌وه قسه‌م کرد.
گوێم له رادیۆ گرت و سه‌یری ته‌له‌فزیۆنم کرد. دواتر چوومه
ژوورکه‌ی خۆم. ئه‌و ژووره‌ی که به‌ره‌و ئه‌و شاخه ده‌یڕوانی که
سێبه‌ره چاویلکه له چاوه‌که باسی کردبوو. سه‌ره‌تا گوێم
نه‌دایێ. دواتر نه‌متوانی. شتێک به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌که بردمی،
له‌وێوه له شاخه‌که رامام. گڵۆپی ژووره‌که‌م کوژانده‌وه بۆ
ئه‌وه‌ی باشتر ئه‌و هه‌یکه‌له ره‌شه قه‌ترانیه ببینم. بینیم.
که‌مێک خوارتر له لوتکه‌که‌ی ئاگرێک به ئاسته‌م تیشکی ده‌هاویشت.
له‌وێ بوو. "عه‌جه‌ب شێت..." رسته‌که‌م گه‌ڕانه‌وه. ئیستا
سێبه‌ره‌که له به‌ر تیشکی ئه‌و ئاوره‌دا چیدی بێگومان سێبه‌ر
نه‌بوو. سه‌یرێکی ئاسمانم کرد و چووم خه‌وتم.
هه‌فته‌یه‌ک
دواتر هه‌ر له‌و راسته شه‌قامه‌دا بینیمه‌وه. هه‌ر هه‌مان سێبه‌ر
به هه‌مان چاویلکه‌و و کۆڵه‌پشتیه‌وه. ئه‌م جاره چاویم دیت.
وه‌ک دوو کونی گه‌ش له هه‌یکه‌لێکی ناڕوندا.
ــ له‌وێ
بووم.
ــ ئه‌زانم.
له دڵی
خۆمدا گوتم ئیستا باسی شارم بۆ ده‌کا. باسی گڵۆپ و راسته‌شه‌قامی
شار که به تیشکی دارچراکان گه‌شن. باسی باوه‌شێک تیشک که به
ئاسماندا ده‌چێ. من ئه‌مانه‌م له فیلم‌دا ده‌یتبوو، یان له
سه‌فه‌ردا کاتێک شه‌وانه له ناو ئۆتۆبوسدا شارێک له دووره‌وه
ده‌رده‌که‌وت.
ــ تا
نه‌گه‌یشتمه سه‌ر ڵوتکه‌که لام نه‌کرده‌وه که سه‌یری شار
بکه‌م. که گه‌یشتم سه‌ره‌تا ئاورم کرده‌وه. رادیۆکه‌م هه‌ڵکرد،
پاڵم دایه‌وه‌و ئه‌سا سه‌یری شارم کرد.
نه‌مپرسی چت
بینی. قسه‌کان بۆ خۆیان به‌ره‌و ئه‌وێ ده‌چوون.
ــ
په‌نجه‌ره‌یه‌کم بینی که له هه‌موو په‌نجه‌ره‌کانی دی که
گڵۆپیان تیا هه‌ڵنه‌گیرسابوو، تاریک‌تر ده‌ینواند. وه‌ک بڵێی گڵۆپی
ره‌شیان تیا هه‌ڵگیرساندبێ. ئه‌وه‌نده تاریک که ده‌ژیا! پڕ له
سێبه‌ری تۆخ. دواتر دره‌نگان یه‌ک یه‌ک و دوو دوو سێبه‌ره‌کانی
نێوی وه‌ده‌رکه‌وتن و به کۆڵانه‌کانی شاردا بڵاو بوونه‌وه.
دڵنیام که ده‌نگی پێیان نه‌بوو. چه‌ند خزۆک و بێده‌نگ! پێش
گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌موو، جا له هه‌ر شوێنێکی شاره‌که‌دا بان وێکڕا
به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵکشان. ئه‌وسا له شوێنێک له ئاسمان نه
ئه‌وه‌نده به‌رز یه‌کیان گرته‌وه و دواتر نزم نزم به سه‌ر شاردا
باڵیان گرت و فڕین.
بیرم
کرده‌وه "سێبه‌ره تۆخه‌کانی فڕین". له‌وه‌ی ئه‌وه‌نده ئاسان
ئه‌م تابلۆیه منیشی له گه‌ڵ خۆی بردبوو پێکه‌نینم هاتێ، به‌ڵام
گوتم:
ــ چ ترسناک!
ــ ترسناک
نیه. ته‌نیا راستیه‌که‌و به‌س. له کاتی فڕینی ئه‌واندا هه‌م
ئاوره‌که‌م تینی که‌م بووه‌وه‌و هه‌م رادیۆکه‌م مۆسیقایه‌کی سه‌یری
بڵاو کرده‌وه. شتێک وه‌ک مۆسیقای کلاسیکی، به‌ڵام به ده‌نگێکی
یه‌کجار به‌رز.
به ده‌م
قسه‌کانیه‌وه له‌و ئیواره‌یه دره‌نگ وه‌خته‌دا تا ده‌هات چاوی
پتر ده‌ئایسا. به په‌له رۆیشتم.
ــ له بیرت
نه‌چێ، هه‌فته‌که‌ی تر ئه‌م کاتانه!
ئه‌مشه‌ویش
به‌ڕێوه بوو بۆ ئه‌وێ. که گه‌یشتمه‌وه ماڵه‌وه نه به جوانی
نام خوارد، نه به جوانی له گه‌ڵ ماڵه‌وه قسه‌م کرد، نه به
جوانی گوێم له رادیۆ گرت و نه به جوانی سه‌یری ته‌له‌فزیۆنم
کرد، به‌ڵام که چوومه ژووره‌که‌ی خۆم جوانتر له کێوه‌که رامام.
دیسان ئاگره‌که‌م بینی. ته‌نانه‌ت په‌نجه‌رکه‌شم کرده‌وه بۆ
ئه‌وه‌ی گوێم له رادیۆکه‌ش بێت. بیستم! مۆسیقای کلاسیکی نه‌بوو.
که‌سێک هه‌واڵه‌کانی نیوه‌شه‌وی ده‌خوێنده‌وه. به په‌له
په‌نجه‌ره‌که‌م پێوه‌دا. دانیشتم و بیرم له فڕینی شه‌وانه‌ی
سێبه‌ره‌کان کرده‌وه. بێ گومان به سه‌ر گه‌ڕه‌ک و خانووی
ئێمه‌شدا ده‌فڕین. گه‌ر بچمه سه‌ربان بخه‌وم بێگومان ده‌یانبینم.
دواتریش ده‌توانم بۆ کۆڵه‌پشتیه چاویلکه له چاوه‌که‌ی
بگێڕمه‌وه که چۆنن و چلۆنن. به‌ڵام هه‌ر که بڕیارم دا دڵم له
گه‌ڵی له‌رزی و داخورپی. بچم؟ نه‌چووم. له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم
به قسه‌کانی سێبه‌ره چاویلکه له چاوه‌که نه‌بوو، که‌چی
غیره‌تم نه‌کرد بچم. هاتوو هه‌بوون! تا به‌یانی خه‌وم به سێبه‌ره
تۆخه باڵداره‌کانه‌وه بینی. له خه‌ومدا یه‌کیان له حه‌وشه‌ی
ئێمه‌وه به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵکشا.
هه‌فته‌ی
دواتر تووشی بوومه‌وه. ویستم زۆر زووتر یاخود زۆر دره‌نگتر له
واده‌ی خۆم بڕۆمه‌وه، که‌چی نه‌متوانی. هه‌نگاوه‌کانم منیان له
گه‌ڵ خۆیان برد. هه‌ر له‌و شوێنه‌دا و هه‌ر له‌و کاته‌دا
بینیمه‌وه.
ــ ئه‌و
شه‌وه‌ش په‌نجه‌ره‌ی ژێرزه‌مینێکی تاریکم بینی. وه‌ک بڵێی گڵۆپێکی
یه‌کجار گه‌شیان تازه تیا کوژاندبووه‌وه. دواتر سێبه‌ره
سپیه‌کانم بینی. یه‌ک یه‌ک و دوو دوو وه‌ده‌رکه‌وتن و به
کۆڵانه‌کانی شاردا بڵاو بوونه‌وه. ئه‌وانیش خزۆک و بێده‌نگ و
نزمه فڕ به سه‌ر خانووه‌کانی شاردا. له کاتی فڕینیاندا
ئاگره‌که‌م یه‌کجار تینی تێگه‌ڕا، به‌ڵام رادیۆکه‌م ده‌نگی که‌م
بووه‌وه.
ــ چه‌ند
جوان!
ــ جوان نین.
ته‌نیا راستیه‌کن و به‌س.
که
چوومه‌وه ماڵ، نانم نه‌خوارد، ماله‌وه‌م نه‌دواند، گوێم له رادیۆ
نه‌گرت و سه‌یری ته‌له‌فزیۆنیشم نه‌کرد. به‌ڵام نه‌شچوومه
ژووره‌که‌ی خۆم. ئه‌گه‌رچی له ترسی دوێ شه‌و به‌تاڵ بووبوومه‌وه
به‌ڵام خۆشحالیش نه‌بووم. به پێچه‌وانه‌وه ترسێکی سپی و گه‌ش
دایگرتبووم. فڕینی سێبه‌ره سپیه‌کانیش ده‌یانترساندم. چوومه به‌ر
په‌نجه‌ره‌که. سه‌یرم کرد. دیسان ئاگره‌که. ئه‌مشه‌و سێهه‌م
شه‌وی بوو. سێهه‌م هه‌فته‌ی وه‌رزی هاوین. بچمه سه‌ربان یان
نه‌چم؟ نه‌چووم. ئه‌و شه‌وه تا به‌یانی خه‌وم به سێبه‌ره سپیه
باڵداره‌کانه‌وه بینی. له خه‌وما یه‌کیان له حه‌وشه‌که‌ی
ئێمه‌وه به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵکشا.
سێهه‌م
هه‌فته و سێهه‌م به تووشه‌وه بوون. ئه‌مجاره‌یان ته‌واو
بڕیارده‌رانه چوو. ئه‌وه‌ی که دوای ره‌ش و سپی ده‌کرێ چیدیکه
بێت، به خۆیه‌وه مه‌شغوڵی کردبووم. هه‌رچی ره‌نگی دیکه بوو
هێنامه به‌رچاوی خۆم. سێبه‌ره سه‌وزه باڵداره‌کان، سێبه‌ره
زه‌رده باڵداره‌کان، سێبه‌ره سووره باڵداره‌کان.... بێگومان
ئه‌مشه‌و نۆره‌ی گێڕانه‌وه‌ی یه‌ک له‌مانه بوو.
بینیم. سیمایه‌کی هه‌ڵچوو و په‌رێشان. که قسه‌ی ده‌کرد چاوی
ده‌فڕی.
ــ ئه‌و
شه‌وه سێبه‌ره ره‌ش و سپیه‌کان پێکه‌وه هاتنه ده‌ر، پێکه‌وه
که‌وتنه کۆڵان و شه‌قامه‌کانی شار و پێکه‌وه ده‌فڕین.
راوه‌ستا و
راما. چاوه‌کانیم نه‌ده‌دیت. ئه‌وسا به ده‌نگێکی نه‌وی به‌ڵام
روون و قورسه‌وه گوتی:
ــ ده‌بوون
به یه‌ک. ره‌ش ده‌بوو به سپی و سپی ده‌بوو به ره‌ش. به تایبه‌ت
له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا ئه‌م یه‌کتر بوونه یه‌کجار زۆر بوو.
ئه‌مه‌ی گوت
و رۆیشت. ئیتر نه باسی هه‌فته‌ی دواتری کرد و نه دیتنه‌وه‌ی
دووباره. ته‌نیا رۆیشت.
که
چوومه‌وه ماڵ نه بیری نان خواردنم بوو، نه بیری له گه‌ڵ
ماڵه‌وه قسه کردن، نه بیری گوێ له رادیۆ گرتن و نه بیری
سه‌یری ته‌له‌فزیۆن کردن. ته‌نانه‌ت نه‌چوومه ژووره‌که‌ی خۆیشم.
شمه‌کم پێچایه‌وه‌و وه‌ڕێ که‌وتم. چۆن ده‌بێ سپی ببێ به ره‌ش و
ره‌ش به سپی؟ شتێک له‌م نێوه‌دا هه‌ڵه بوو. ئیترفڕینی ره‌ش و سپی
لێک جودا نه‌ده‌کرانه‌وه. ئیتر که‌س نه‌یده‌زانی که ئه‌مشه‌و
داخۆ شه‌وی فڕینی سپیه‌کانه یان ره‌شه‌کان. ئه‌وجار نه رادیۆکه‌ش
ده‌یزانی چ جۆر مۆسیقایه‌ک بڵاو بکاته‌وه‌و نه ئاگره‌که‌ش
ده‌یزانی چۆن بئایسێ. له شار ده‌رکه‌وتم و گه‌یشتمه ده‌شت، دواتر
داوێنی کێو و ئه‌وسا قه‌دپاڵ. سه‌رکه‌وتم. ده‌مزانی که ئه‌م
رێگایه ئه‌گه‌ر چی قه‌ت پێیدا نه‌ڕۆیشتبووم، به‌ڵام ده‌مگه‌ینێته
لای ئه‌و. گه‌یشتم. لای نه‌کرده‌وه سه‌یرم بکا. وه‌ک بڵێی ده‌زانێ
منم. نیگای له سه‌ر شار چه‌قیبوو. دیتم که ئاگره کز ده‌ئایسێ
و رادیۆکه‌ش به ده‌نگی به‌رز مۆسیقایه‌کی سه‌یر بڵاو
ده‌کاته‌وه. ئه‌وسا منیش سه‌یری شارم کرد. منیش سێبه‌ره
تۆخه‌کانی فڕینم بینی. ئه‌و سێبه‌ره تۆخانه‌ی که کلکیان سپی
بوون. به سه‌ر ئاسمانی شاردا پێچ و لوولیان ده‌خوارد، خۆیان به
شه‌قام و کۆڵانه‌کاندا ده‌کرد. بزر ده‌بوون، په‌یدا ده‌بوونه‌وه.
هه‌ڵده‌کشان. داده‌کشان. خڕ ده‌بوونه‌وه، کت‌وپڕ بڵاوه‌یان
لێده‌کرده‌وه. ئارام له به‌ر خۆیه‌وه گوتی:
ــ ئیستا
ئیتر ترسناکن، چیدی ته‌نیا راستیه‌ک نین،... راستیه‌کی ترسناکن!
هه‌ستاو
ده‌ستی کرد به پێچانه‌وه‌ی شمه‌که‌کانی. به په‌له نه‌بوو. ئیتر
سه‌یری شاری نه‌ده‌کرده‌وه. کت‌وپڕ گه‌ڕایه‌وه‌و به سه‌رمدا
گوڕاندی:
ــ هه‌سته
بڕۆ، ده‌ی خێراکه! زوو، زوو... زۆر زوو!
واقم وڕمابوو. له‌و
هه‌موو هه‌ڵه‌شه‌یی و توڕه‌ییه کتوپڕه‌ی سه‌رم سوڕمابوو. وازی
نه‌هێنا هات و به
زۆر جوڵاندمی و پاڵی پێوه‌نام. هه‌تا دوور که‌وتمه‌وه هه‌ر هاواری
کرد که زۆر خێرا ئه‌و کێوه جێ بێڵێم. ده‌نگی ئه‌وه‌نده ترسناک
هه‌ڵگه‌ڕا که ده‌ستم کرد به ڕا کردن. به‌و شه‌وه ئه‌نگوسته
چاوه، به بێ ئه‌وه‌ی له‌تر به‌رم و بکه‌وم، هاتمه خوارێ.
گه‌یشتمه داوێن و ده‌شت. ئه‌وسا سێبه‌ره تۆخه‌کانی فڕینم بینی
که وێکڕاو تێکڕا روویان له کێوه‌که کرد. بینیم که به هه‌زاران
هه‌زار له لوتکه‌که ئاڵان. له به‌ستێنی پڕ ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی
هاویندا که لوتکه‌که تێیدا هه‌ڵکشابوو، بینیم که چلۆن وه‌ک
کڵاوه هه‌ورێکی چڵکنی پاییزان لێی ورووکان. له لوتکه‌وه
ده‌ستیان کرد به خواردن. خواردیان و خواردیان، هه‌تا کێوه‌که بزر
بوو. که گه‌ڕانه‌وه هێشتا شه‌و زۆری به به‌ره‌وه مابوو. من که
له پاڵ به‌ردێکی زه‌لامی قه‌راغ چۆم خۆم حه‌شار دابوو، به فڕینی
دووباره‌یان هه‌ستام و چوومه شوێنی شاخه بزر بووه‌که. ئه‌وسا
ته‌رمه‌که‌یم بینی. به چاویلکه‌و کۆڵه پشتییه‌وه ناشتم.
ئه‌و شاره‌ی
که ئێستا من ئیدی که‌مێک جوانتر دێته‌وه یادم، سێ ده‌وری به شاخ
گیراوه‌و ده‌ورێکی به گۆڕ. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده نیه. واوه‌تر
له‌م شاخانه دیسان هه‌ر شاخه و شاخ. ره‌نگه واوه‌تر له‌م گۆڕه‌ش
هه‌ر گۆڕ بێت و گۆڕ. ئه‌و گۆڕانه‌ی که بێ تاقه‌ت نابن. گۆڕه‌کان
پاڵیان به یه‌کتره‌وه داوه و سه‌ریان به کێله‌وه. جارجاره‌ش
له مژدا ون ده‌بن و وه‌ک پیره‌مێردێکی که هێشتا باوه‌ڕی به
مه‌رگ و مردن نیه، ده‌چنه‌وه ژوانی ژیانیان. له‌م شاره‌دا من له
دایک بوم و گه‌وره بووم، به‌ڵام له‌وێ پیر نه‌بووم. گه‌نجیه‌تیم
له‌و شاخه جێ هێشت و پیریشیم له وڵاتان له بیره‌وه‌ری و خه‌می
سێبه‌ره چاویلکه له چاوه‌که‌ی سێ ئێواره‌ی هاوین.
26.12.2007
|