چاو له
پێش جه‌سته‌دا سه‌فه‌ر ده‌کا
ئه‌م
پاڵتۆیه قه‌ت جێی نه‌هێشت. که له‌به‌ری ده‌کا بۆ چه‌ندین و
چه‌ندین ساڵ له‌وه‌به‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه. له‌به‌ری ده‌کا و ده‌ست
له گیرفانی ده‌نێ و که‌مێک خۆی بۆ کوڕ ده‌کاته‌وه. وه‌ک بڵێی
خه‌ریکه له سه‌ر سنور ده‌په‌ڕێته‌وه، یاخود خه‌ریکی خۆ
دزینه‌وه‌یه له پۆلیس. گوڕه و هاواری ده‌نگه ترسناکه‌کان هێشتا
له تان و پۆ و له ناو گیرفانه‌کانیدا ماون. سه‌یره!
ناسڕێنه‌وه. راست ده‌که‌ن ده‌نگ نامرێ.
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
هاوڕێکه‌ی
گوتی: "من و تۆ به سه‌فه‌ر ده‌ناسرێینه‌وه!". ورد له خۆی روانی.
هیچ ناونیشانێکی به خۆیه‌وه به‌دی نه‌کرد. به سه‌رسوڕماوییه‌وه
سه‌ری هه‌ڵبڕییه‌وه. هاوڕێکه‌ی گوتی: "به جه‌سته‌ته‌وه نیه،
به روخسارته‌وه‌یه!"
لێک جودا
بوونه‌وه. چووه‌وه ماڵ. دوای ئه‌وه‌ی پاڵتۆ کۆنه‌که‌ی داکه‌ند و
هه‌ڵیواسی، چووه به‌ر ئاوێنه ته‌واو قه‌ده‌که. له روخساری خۆی
راما. روخساری هه‌ر ئه‌وه‌ی جاران بوو. ده‌یزانی که پێستی وه‌ک
جاران گه‌ش نه‌ماوه‌و تۆپه‌ڵ تۆپه‌ڵ قژ و لاجانگی سپی هه‌ڵگه‌ڕاون.
به‌ڵام ئه‌مه خۆ په‌یوه‌ندی به سه‌فه‌ره‌وه نیه. ته‌مه‌ن
ده‌ڕوا و سه‌رئه‌نجام ئه‌وه کاته که بڕیارده‌ره. ئه‌ی
مه‌به‌ستی هاوڕێیه‌که‌ی چ بوو؟ وه‌رگه‌ڕا و له پاڵتۆیه‌که‌ی
روانییه‌وه. ئه‌م پالتۆیه یادگاری ده‌ورانی سه‌ره‌تای
سه‌فه‌ره‌که‌یه‌تی. ره‌نگی هه‌ڵبزرکاوه‌و شوێن ته‌قه‌ڵه‌کانی
چه‌ندین جار به ده‌ست دووراونه‌ته‌وه. که‌ڵکی نه‌ماوه، به‌ڵام
هه‌ر رایگرتووه. دڵی نایه‌ت جێی بێڵێ. هه‌رچی بێت هی ده‌ورانی
سه‌فه‌ره‌که‌یه‌تی. ئه‌م پاڵتۆیه قه‌ت جێی نه‌هێشت. که له‌به‌ری
ده‌کا بۆ چه‌ندین و چه‌ندین ساڵ له‌وه‌به‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له‌به‌ری ده‌کا و ده‌ست له گیرفانی ده‌نێ و که‌مێک خۆی بۆ کوڕ
ده‌کاته‌وه. وه‌ک بڵێی خه‌ریکه له سه‌ر سنور ده‌په‌ڕێته‌وه،
یاخود خه‌ریکی خۆ دزینه‌وه‌یه له پۆلیس. گوڕه و هاواری ده‌نگه
ترسناکه‌کان هێشتا له تان و پۆ و له ناو گیرفانه‌کانیدا ماون.
سه‌یره! ناسڕێنه‌وه. راست ده‌که‌ن ده‌نگ نامرێ.
ده‌ڵێی
ته‌نیا چه‌ند مانگێک له سه‌فه‌ره‌که‌ی گوزه‌راوه، نه‌ک چه‌ندین و
چه‌ند ساڵ. هێشتا له بازنه‌ی هه‌ستێکی هه‌ڵچوو و ساویلکانه‌دایه.
پاڵتۆکه‌ی، ئه‌و به‌و هه‌سته نامۆ و خۆشانه‌ی سه‌ره‌تای سه‌فه‌ر
و کۆتایی گه‌نجیه‌تیه‌که‌ی ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌م پالتۆیه خودی
گه‌نجیه‌تی و خودی بیره نه‌مره‌کانه. سه‌یرێکی روخساری خۆی
کرده‌وه. دوای ساڵێک که چاوی به دایکی که‌وتبووه‌وه، دایکی به
بینینی چه‌ند تاڵێکی سپی گوڕاندبووی که ئه‌وه بۆ سپیت کردووه.
ئه‌میش پێکه‌نیبوو. وه‌ک بڵێی تاوانی ئه‌مه. سه‌فه‌ر یان ته‌مه‌ن؟
ئه‌و رۆژه ویستبووی به دایکی بڵێ که داخۆ له بیریه‌تی له
شه‌رمان ئه‌م به دزی باوکییه‌وه ردێنی ده‌تاشی. به‌ڵام نه‌یگوت.
بیره‌وه‌رییه‌کان له ئاست سه‌فه‌ردا گه‌لێک لاوازن. ده‌ره‌قه‌تی
نایه‌ن. سه‌فه‌ر حووتێکه هه‌موویان قوت ده‌دات!
ئه‌م
پاڵتۆیه گه‌لێک جانتای به کۆڵدا داوه و گه‌لێک رێگای تازه‌ی
بڕیوه. سه‌فه‌ر و گڵۆڵه‌ی ئاڵۆزی رێگاکان. لێره‌وه بڕۆی یان
له‌وێوه؟ بڵێی ئه‌مه‌یان نه‌مباته‌وه سه‌ر سه‌ره‌تای ریگا؟ یان
ره‌نگه به‌ره‌و هه‌ڵدێر، یان وڵاتی به‌خته‌وه‌ری؟ نازانی. تاڵه
ئاڵۆزه‌کان عیشوه‌گه‌ر و خۆخه‌مڵێنن. هه‌ر کامه‌یان هه‌زار
ئیشاره‌تت ده‌ده‌نێ. دڵی تۆش وه‌ک دڵی چۆله‌که‌یکی ته‌ڕ و خوساوی
به‌ر باران که له سه‌رماندا هه‌ڵده‌له‌رزێ چه‌ند بێ په‌نایه.
نازانی ئه‌م رێگایانه له راستیدا تازه‌ن، یان ته‌نیا بۆ تۆ
تازه‌ن. شاڕێگا یان باریکه رێیه‌ک به‌ره‌و نادیار! رێ ده‌بڕیت و
به‌رده‌وام نه‌رمه تۆزێک پێڵاو و جل و به‌رگه‌کانت داده‌پۆشێ.
هه‌ر ئه‌م تۆزه له قژی ره‌ش یان بۆزیشت ده‌نیشێ. گرنگ نیه! گرنگ
ئه‌وه‌یه که بگه‌یتێ. ئه‌وه‌ی که رێگا ته‌نیا نیه و ئه‌وانی
دیکه‌ش به‌ڕێوه‌ن.
دیسان بیری
له قسه‌ی هاوڕێیه‌که‌ی کرده‌وه: "من و تۆ به سه‌فه‌ر
ده‌ناسرێینه‌وه!" ئه‌م شاره پڕیه له خه‌ڵک و که‌سیش نایناسێ.
به‌ڵام هه‌ر که ده‌یبینن ده‌ستبه‌جێ ده‌زانن که پیاوێکی
سه‌فه‌رییه. پێکه‌نینی هاتێ. کت‌وپڕ بیری که‌بابی سه‌فه‌ری
که‌وته‌وه. بۆنێکی خۆش و تامێکی به‌له‌زه‌ت و دوایی کۆتایی. ئه‌و
سه‌فه‌ری ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی ون بێت، که‌چی ده‌ناسرێته‌وه.
هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵی هه‌ڵکیشا. له ئاوێنه‌که‌دا دیسان سه‌یری خۆی
کرده‌وه. بێ پاڵتۆ شتێکی دیکه‌یه. بوونه‌وه‌رێک له چه‌شنی
دیکه. هه‌ست ده‌کا هه‌موو که‌سایه‌تییه‌که‌ی له‌و پاڵتۆیه‌دا خر
بووه‌ته‌وه: "نا، له سبه‌ینێه‌وه له به‌ری ناکه‌م. نا، له
به‌ری ناکه‌م!" به‌ڵام زستان بوو. ده‌بێ راوه‌ستێ تا هه‌وا خۆش
ده‌بێ. پاڵتۆکه سه‌رمایه‌کی دیکه ته‌مه‌نی مابوو.
باشه
هاوڕێکه‌ی مه‌به‌ستی له‌م قسه‌یه چ بوو؟ ده‌یویست چ بڵێ؟ ره‌نگه
ئه‌مه له‌و پرسیارانه‌یه که ده‌بێ ته‌نیا پرسیار بن، به بێ هیچ
چه‌شنه وه‌ڵامێک. وه‌ڵامه‌که له خودی پرسیاره‌که‌دایه. که
ده‌پرسی وه‌ڵامیش وه‌رده‌گری. پرسیار و وه‌ڵام له یه‌کتردا
تواونه‌ته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ره‌نگه ئه‌م جۆره رستانه نه پرسیار بن
و نه وه‌ڵام. شتێک بن واوه‌تر. وه‌ک ده‌نگی ئاو، که ئاو نیه
به‌ڵام ده‌زانی که ئاوه. نازانێ بۆ نه‌یپرسی. بۆ ته‌نیا به چاو
پرسی؟ بێگومان ئه‌گه‌ر ئیستا بایه ده‌یپرسی بۆ؟ چه‌ند جار به
ده‌نگی به‌رز "بۆ" ی له ناو ئاوێنه‌که‌دا دووپات کرده‌وه. کت‌وپڕ
بیرێک به مێشکیدا تێپه‌ڕی: "ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی روخسارم
بده‌م له مه‌به‌ستی قسه‌که‌ی تێده‌گه‌م." ئه‌وجا هه‌وڵی دا به
وردی روخساری هاوڕێکه‌ی بێنێته به‌ر چاو. ئه‌ویش پیاوێکی سه‌فه‌ری
بوو. باشه پیاو که به توش پیاوێکی سه‌فه‌رییه‌وه ده‌بێ
سه‌ره‌تا له کوێی ده‌ڕوانێ؟ نه روخسار نه جه‌سته، به‌ڵکو
هه‌موو وێکڕا. وه‌ک چۆن تاپۆیه‌ک له باکگراوندێکی لێڵه‌وه
هه‌نگاو هه‌ڵدێنێ و ده‌رده‌که‌وێ. تاپۆیه‌ک به جانتایه‌که‌وه.
ئه‌وسا به پرسیاره هه‌میشه‌ییه‌کانیه‌وه: "ئێره کوێیه؟
...نزیکترین هۆتێل کامه‌یه؟ ...کار ده‌ست ده‌که‌وێ؟..." ئه‌وسا
پرسیاره هه‌میشه‌ییه نهێنیه‌کان. ئه‌و پرسیارانه‌ی وا هه‌ن
به‌ڵام ناکرێن: "ده‌زانم خانووی تێدایه، به‌ڵام حه‌سانه‌وه‌شی
تێدایه؟...ده‌زانم مرۆڤ لێره‌ش له سه‌ر خاک هه‌نگاو هه‌ڵدێنێ،
به‌ڵام خه‌ڵکی ئێره تا چه‌نده ئێره ده‌ناسن؟" گه‌ڕایه‌وه سه‌ر
روخساری هاوڕێکه‌ی. هه‌موو شتێک وه‌ک روخساری خه‌ڵکی ئاسایی. پێست،
ده‌م، لووت، ردێن، قژ، چاو...، به‌ڵام نا راوه‌سته! چاو؟ چاو هه‌ر
هه‌مان چاوه، به‌ڵام سه‌یری تیشکی... سه‌یری جۆری روانینی! لێت
ده‌ڕوانێ و لێت ناڕوانێ. وه‌یلانه. به‌رده‌وام سه‌یری پشت سه‌ری
تۆ ده‌کا. له چاوه‌کانی تۆ و له تۆ تێده‌په‌ڕێ. ده‌ڕوا...
ده‌ڕوا، به‌ڵام بۆ کۆێ؟ چاوی هاوڕێکه‌ی وه‌ک ئاو وایه. ده‌نگی دێت
و که‌چی ئاویش نیه. به‌ڵام ده‌زانی ئاوه. ئه‌وسا له
ئاوێنه‌که‌دا له چاوی خۆی روانی. بۆ یه‌که‌م جار له ژیانی
سه‌فه‌ریدا چاوی خۆی بینی. له‌وه پێش نه‌یبینیبوو. چاوی قه‌ت چاوی
نه‌بینیبوو. ئای چاوی گه‌ڕۆک! چاوی بێ ئۆقره و سه‌رهه‌ڵگرتوو!
وه‌یلانی کوێیت؟ رێگاکانی دی یا خود ده‌روونی خۆت؟ له رێگا
ده‌گه‌ڕێیت یان له خاوه‌نه‌که‌ت؟ چاوی، ئه‌و ده‌بینێ و نابینێ.
هه‌ناسه و بۆنی رێگاکان به سه‌ریدا زاڵن. ده‌ڵێی چاوی رێگاکانن،
نه‌ک هی ئه‌م.
به په‌له
چووه ده‌ر. که‌واته ده‌توانێ به چاو پیاوه سه‌فه‌ریه‌کان
بناسێته‌وه. هه‌ر که له ده‌رگا ترازا به توش ده‌ریای مرۆڤه
سه‌فه‌ریه‌کانه‌وه بوو. ئه‌وه‌ی له‌م شاره‌ش له دایک بووبوو و
ته‌واوی ته‌مه‌نی لێره ژیابوو، هه‌ر سه‌فه‌ری بوو! ویستی یه‌کیان
راگرێ و لێی پرسێ که کاکه تۆ ئیتر به ته‌مای کوێیت؟ تکایه وه‌ک
من سه‌فه‌ر مه‌که! تکایه وه‌ک من بیر له سه‌فه‌ر مه‌که‌وه! تۆ
که ئیدی پاڵتۆکه‌ت سه‌فه‌ری نیه. به‌ڵام نه‌یتوانی. له چاویاندا
بڕیاری نه‌گۆڕی سه‌فه‌رهه‌بوو. زۆربه‌یان هه‌ر ئیستا به ته‌مای
سه‌فه‌ر بوون. چه‌ند چاک بڕیاره‌کانی ده‌خوێنده‌وه. ده‌سته‌و
ئه‌ژنۆ له ناویاندا مایه‌وه. چ شه‌قامێکی قه‌ره‌باڵغ! چ
ده‌ریایه‌ک له مرۆڤ! قیڕاندی!
هاوڕێکه‌ی
به تاوانبار ده‌زانی. تا چاوی خۆی نه‌دیتبوو چه‌نده کۆڵی سووکتر
بوو. باشه گه‌ر هه‌موو مرۆڤه‌کان سه‌فه‌رین، بۆچی له رێگاکاندا
ئه‌وه‌نده که‌م به توشیانه‌وه ده‌بوو؟ به په‌له چووه‌وه بۆ
ماڵ، بۆ به‌ر ئاوێنه‌که. له خۆی روانی، له چاوی، ورد، وردتر،
نزیکتر، گه‌لێک نزیکتر. ئه‌وسا خۆی بینی به ته‌نیا له رێگاکاندا،
به‌ڵام له گه‌ڵ بێ ئه‌ژمار مرۆڤ له چاوه‌کانیدا. ئاه، ئێمه
هه‌موو چه‌ند سه‌فه‌رین!
|