چیرۆک


ئه‌و شه‌وه‌

 

کۆتایی هه‌ر وه‌رزێک ئه‌وه‌نده‌ی له‌ وه‌رزی دوای خۆی ده‌کات، له‌ خۆی ناکات. ئه‌و ساڵه‌ش هه‌ر وا بوو. ئه‌گه‌رچی کۆتاییه‌کانی وه‌رزی به‌هار بوو، به‌ڵام سیما و هه‌یکه‌لی ته‌واو له‌ هاوینی ده‌کرد: هاوینی ساڵی په‌نجا و نۆ... شه‌وێکی هاوینی ساڵی په‌نجا و نۆ. ده‌ که‌س بوون که‌ له‌ گوند وه‌ده‌رکه‌وتن. مانگه‌شه‌وێکی خۆش بوو. کۆڵانه‌کانی گوند ئارام و بێ چرپه‌ بوون. دوا تیشکی چرا لامپا و چرا له‌نته‌ره‌کان لێره‌و له‌وێ یه‌ک له‌ دوای یه‌ک ده‌کوژانه‌وه‌. گوند ده‌خه‌وت. که‌ وه‌درکه‌وتن، لای کرده‌وه‌. له‌ دووره‌وه‌ سێبه‌ری خانووه‌کان، له‌ خودی خانووه‌کان تۆختر بوون. ئاڵا سپیه‌کان لێره‌ و له‌وێ به‌ سه‌ر بانه‌کانه‌وه‌ به‌ باڵای لکه‌کانیانه‌وه‌ شۆڕ ببوونه‌وه‌. تامه‌زرۆی بایان ده‌کرد بۆ شه‌کانه‌وه‌. سه‌یری پێشه‌وه‌ی خۆی کرده‌وه‌. دوواهه‌مین نه‌فه‌ر بوو. له‌ قه‌راخ جاده‌وه‌ رێیان ده‌بڕی. پێش وه‌ڕێ که‌وتنیان له‌و ماڵه‌ی که‌ ئه‌م ئێواره‌ هاتبووه‌ لایان کۆببوونه‌وه‌. بڕیاریان دابوو بچن بۆ شار. شمه‌کیان پێویست بوو. ئه‌گه‌رچی نزیک به‌ دوو مانگ به‌ سه‌ر شه‌ڕدا تێده‌په‌ڕی، به‌ڵام ئاسۆیه‌کی نزیک بۆ کۆتاییه‌که‌ی دیار نه‌بوو. بڕێک ئازووقه‌ و خۆراکی وشکیش له‌ شار له‌ خانووه‌کانیان به‌ جێ مابوو، که‌ هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌یان پێویست بوو. له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دووایی‌دا، له‌ بازاڕ، شمه‌ک هه‌م رووی له‌ که‌می کردبوو و هه‌م یه‌کجار گران ببوو. یه‌کیان که‌ پیاوێکی سه‌رسنووری پیری و ته‌مه‌نی مام ناوه‌ندی بوو، گوتبووی که‌ ئه‌گه‌رچی ئه‌رته‌ش له‌ قه‌راغ شاره‌، به‌ڵام له‌و رێگایه‌وه‌ که‌ که‌ خه‌ڵک بۆ شآر هاتووچۆی پێدا ده‌که‌ن، دوورن و هه‌ربۆیه‌ جێی مه‌ترسی نیه‌. دواتر له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتبووی که‌ دوێنێ چه‌ند ناسراوێک به‌ بێ هیچ موشکیله‌یه‌ک چووبوون بۆ ناو شار و هاتبوونه‌وه‌.

به‌ بیستنی ئه‌م قسه‌یه‌ دڵی گشابووه‌وه‌، که‌واته‌ ده‌یتوانی بچێ بۆ شار! ده‌با بچێ بۆ شار! ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی خه‌ڵکی، شاریان به‌ جێ هێشتبوو، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌که‌ی ئه‌و له‌وێ مابوونه‌وه‌. ئێستا بۆ زیاتر له‌ ده‌ رۆژ بوو که‌ نه‌یبینیبوون و یه‌کجار وه‌ڕه‌زیی ده‌کردن.

که‌ گوتبووی منیش دێم هه‌موویان سه‌یریان کردبوو. هه‌ر ئه‌و کابرایه‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌ وردی له‌ سه‌ر و سیما و هه‌یکه‌لی ورد ببووه‌وه‌، گوتبووی:

ــ وا باشتره‌ لێره‌ بیت و نه‌یه‌یت. رێگا دووره‌ و بڕ ناکه‌ی!

به‌ڵام ئه‌م مکوڕ بوو. سه‌رئه‌نجام رازی ببووون.

 

بۆ ئه‌وه‌ی رێگاکه‌یان نزیکتر بێته‌وه‌، له‌ جاده‌ لایان داو له‌ گۆڕستانی گونده‌وه‌ ملی رێگایان گرته‌ به‌ر. گۆڕستان رێگایه‌کی پێشاوبڕ بوو. گۆڕستانێک چڕی گۆڕ و چڕی دار و دره‌خت. له‌وێ خستیانه‌ ناو ریزه‌که‌وه‌و نه‌یانهێشت له‌ دوواوه‌ بێت!

ئه‌گه‌رچی جاربه‌جار له‌ دووره‌وه‌ نوورئه‌فکه‌ن له‌ سه‌ر شاخه‌به‌رزه‌که‌ی قه‌راخ شار هه‌ڵده‌کرا و ده‌نگی ته‌قه‌ ده‌هاته‌ گوێ، به‌ڵام شه‌وێکی یه‌کجار فێنک و جوان بوو. سه‌ری هه‌ڵبڕی و سه‌یری ئاسمانی کرد. ئاسمانێکی ساماڵ و گه‌ش به‌ ئه‌ستێره‌ بێ ئه‌ژماره‌کان.

ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌رته‌ش له‌ شار نزیک که‌وتبووه‌وه‌، گه‌نجه‌کانی تایفه‌ و بنه‌ماڵه‌یان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ به‌ڕێ کردبوو. ئه‌گه‌رچی سیانزه‌ ساڵی بوو، به‌ڵام ئه‌ویشیان به‌ڕێ کردبوو. له‌ گوندێکی دوور گیرسابوونه‌وه‌. دواتر بۆ سبه‌ی شه‌وی خه‌به‌ر هات که‌ ئه‌رته‌ش له‌ شه‌ڕێکدا تێک‌شکاوه‌و پاشه‌کشه‌ی کردووه‌. ئه‌میان به‌ جێ ‌هێشتبوو و بۆ شار گه‌ڕابوونه‌وه‌. پێیان گوتبوو لێره‌ له‌ ماڵی فڵان که‌س به‌ تا دێینه‌وه‌. ده‌چین بزانین خه‌به‌ر چییه‌. به‌ڵام نه‌هاتبوونه‌وه‌. ئیتر نه‌ ئاگای له‌ وان بوو و نه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌که‌ی. سه‌رئه‌نجام دوای ده‌رۆژ بڕیاری دابوو که‌ هه‌ستێ و بچێ بۆ ئه‌و گۆندانه‌ی نێزیک شار که‌ خزم و که‌س و کاری نزیکی خۆی لێبوو. به‌ زه‌حمه‌ت ئیزنیان دا، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام رۆیشت. هه‌ر ئه‌م ئێواره‌یه‌ گه‌یشتبووه‌ ئه‌م گونده‌ و له‌ ماڵی دووره‌ خزمێک له‌نگه‌ری خستبوو. دواتر به‌ سه‌ر ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی ناو شاردا که‌وتبوو. رێکه‌وتێکی سه‌یر بوو. ده‌یتوانی هه‌ر ئه‌م شه‌و چاوی به‌ بنه‌ماڵه‌که‌ی بکه‌وێته‌وه‌. دڵی که‌یلی دیدار و چاوپێکه‌وتنیان بوو.

 

که‌ له‌ گۆڕستانه‌که‌ ترازان، دیسان به‌ بێ هیچ پلانێک، به‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆیشی بزانێ چۆن، که‌وتبووه‌ دوواوه‌وه‌. دووای هه‌موویان. ئه‌و ده‌ رۆژه‌ له‌ ماڵی رفیقێکی بوو. ده‌ رۆژ ته‌ژی له‌ پیاسه‌ی ناو دارستان و خه‌وتنی شه‌وانه‌ی سه‌ر بانی له‌ بن ئاسمانی به‌هاردا. سه‌ری هه‌ڵبڕییه‌وه‌. "ئه‌م شه‌و له‌وێم، له‌ لای ئه‌وان!" گوێی له‌ چپه‌ی دووری ئه‌وانی تر بوو. هه‌ندێکیان دوو دوو له‌ گه‌ڵ یه‌ک ده‌ڕۆیشتن و له‌ گه‌ڵ یه‌کتر ده‌دوان. هه‌راو زه‌نای قرپۆکی سه‌ر کانی و جۆگه‌ ئاوه‌کان، ته‌نگیان به‌ شه‌و هه‌ڵچنیبوو. یه‌که‌م جار بوو ئاوا بۆ ماوه‌یه‌ک درێژ لێیان دوور ده‌که‌وته‌وه‌. یه‌که‌م جار بوو تام و بۆنی ته‌نیایی ده‌کرد. له‌وێ ئه‌و ده‌ رۆژه‌ ترسابوو. زۆر ترسابوو. که‌ شه‌وانه‌ له‌ سه‌ر بان ده‌خه‌وتن، به‌ بینینی ئاسمان ئه‌وه‌نده‌ی تر ده‌ترسا. ئاسمان چه‌ند بێ کۆتایی بوو. ره‌نگه‌ ته‌نیاییش هه‌ر وابێت! یه‌که‌م جار بوو بزه‌کان، نیگاکان، وته‌کان، خه‌مه‌کان و خۆشیه‌کانی ئه‌وان لای وی مانایه‌کی دیکه‌یان په‌یدا ده‌کرد. شته‌کان ئیستا جۆرێکی تر ده‌هاتنه‌ به‌ر چاو. ئه‌وان ده‌بوون به‌ ئاسمان، ته‌نیاییش ده‌بوو به‌ مه‌ودای نێوان خۆی تا ئه‌وان. ئیستا ئیتر هه‌ستی به‌ ترپه‌ی دڵی خۆی ده‌کرد. هه‌ست به‌ جه‌سته‌ی خۆی که‌ جاری وابوو ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ ده‌بوو که‌ هه‌موو ئه‌وانی له‌ ئامێز ده‌گرت. شه‌وانه‌ شتێکیان بۆ گوتن پێ بوو. ئا بێگومان پێیان بوو. جاری وابوو بۆ ئه‌وه‌ی که‌س گۆێی لێ نه‌بێت، ئارام له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یدرکاند: "ئاسمان ده‌زانم که‌ ئیستا تۆیش له‌وێی!"

 

ده‌نگی دووره‌ ته‌قه‌کان بڕابوو و چیدی نوورئه‌فکه‌نه‌کان به‌ سه‌ر شاخه‌کانی ده‌ووروبه‌ری شار هه‌ڵنه‌ده‌کران. گوێ لێبوو، یه‌کیان گوتی: "له‌ ده‌ورووبه‌ری جاده‌که‌ی ئه‌وبه‌ری شاره‌وه‌ن. له‌م لاوه‌ دوورن. بێ گرفت ده‌چین و دێینه‌وه‌!"

که‌س وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. ره‌نگه‌ هۆکاره‌که‌ی نزیک بوونه‌وه‌یان له‌ شار بوو. قورساییه‌ک به‌ره‌ به‌ره‌ ده‌نیشته‌ سه‌ر شانی هه‌موویان. دڵیان پتر ده‌گوشرا. هه‌ناسه‌ که‌مێک گرێی تی‌که‌وتبوو. هه‌نگاوه‌ سووکه‌ڵه‌کان به‌ره‌ به‌ره‌ ماڵئاواییان ده‌کرد. هه‌وای ده‌وری شار قورستر‌ ده‌ینواند. شتێک وه‌ک بۆنی تۆز، دووکه‌ڵ، گڕ و بۆسارد تاریکایی ته‌نی‌بوو. ئیستا ئارامتر ده‌ڕۆیشتن. به‌ بیستنی هه‌ر چرپه‌ و جوڵه‌یه‌ک راده‌وه‌ستان. ده‌نگیان نه‌ویتر بووبوو. به‌ بێ ویست زیاتر له‌ یه‌کتر نزیک که‌وتبوونه‌وه‌. له‌ هه‌ر کاتێکی دی زیاتر بۆ یه‌ک مانایان هه‌بوو.

 

گه‌یشتنه‌ داوێنی ئه‌و کێوه‌ بچوکه‌ی که‌ ئیدی ئه‌و دیوی شار بوو. ده‌با ده‌وری ئه‌م شاخه‌ بده‌نه‌وه‌. جاده‌که‌ به‌ره‌و راست بای ده‌دایه‌وه‌. پاش که‌مێک راوه‌ستان، وه‌ڕێ که‌وتنه‌وه‌. خانووه‌کانی شار به‌ره‌ به‌ره‌ وه‌ده‌رکه‌وتن. تاقه‌ چرایه‌ک چییه‌ نه‌ده‌ئایسا. شار، به‌ تاریکایی تۆخی په‌یکه‌ر و سێبه‌ری ماڵه‌کانیه‌وه‌ ده‌ناسرایه‌وه‌. له‌ گه‌ڵ درکه‌وتنی شار، بای فێنک هه‌ڵیکرد و له‌ روخساری په‌رێشانی دان. بێگومان‌ حه‌وت هه‌شت ده‌قیقه‌ی تر ده‌گه‌یشتنه‌ خانووه‌کانی قه‌راغ شار. له‌ جاده‌که‌ لایان دا و روویان له‌و ئاشه‌ کۆنه‌ کرد که‌ یه‌کێک له‌ ئاشه‌ با ناوبانگه‌کانی شاره‌که‌یان بوو. هه‌ر که‌ لێی نزیک که‌وتنه‌وه‌، وه‌ڕینی کتوپڕی ره‌وه‌ سه‌گێک هه‌راسانی کردن. سه‌گه‌کان به‌ ته‌مای په‌لاماردانیان بوون. بیستبووی‌ جارێکیان هێشتا سێ هه‌فته‌یه‌ک له‌ شه‌ڕ تێنه‌په‌ڕیبوو که‌ پشیله‌یه‌ک له‌ براسانا په‌لاماری مرۆڤێکی دابوو. سه‌گه‌کان که‌ دیتیان ئه‌مان زۆرن، کشانه‌وه‌. به‌ڵام هه‌روا بێ پسانه‌وه‌ ده‌وه‌ڕین. به‌ ده‌م چخه‌ چخ کردن و به‌رد تێگرتنیان، ئه‌وانه‌ی پێشه‌وه ‌سه‌گه‌کانیان دوور خسته‌وه‌. له‌ ئاشه‌که‌ لایان دا. وچانێکیان گرت. پاش مشورێکی کورت له‌ ریزێکی له‌ یه‌ک نزیک دا بڕیاریان دا نه‌ک له‌ جاده‌وه‌، به‌ڵکو له‌ قه‌راخ جاده‌که‌وه‌ به‌ره‌و شار به‌ڕێ که‌ون. لای کرده‌وه‌، سێبه‌ری دوا سه‌گی بینی که‌ له‌ پاڵ دیواری ئاشه‌که‌ راوه‌ستاو گه‌ردنی هه‌ڵبڕی.

وه‌ڕێ که‌وتن. ئه‌م له‌ ریزی سێهه‌مدا بوو. که‌س ده‌نگی نه‌دابوو. شادی و ئۆخژنێکی سه‌یر سه‌رتاپای داگرتبوو. شار یه‌کجار نزیک بوو. بێگومان ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی تا ده‌ ده‌قیقه‌ی تر له‌ ماڵه‌وه‌ بوو. ئا، له‌ ماڵی خۆیان. لای دایک و باوک و خوشک و براکانی. ئیتر ئاسمان و ته‌نیایی کۆتایی ده‌هات. بۆ هه‌میشه‌ جارێکی تر ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی!

که‌ندڕێکیان تێپه‌ڕاند. ئه‌وه‌نده‌ خێرا ده‌ڕۆێشت که‌ که‌وته‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌. دیسان که‌س ورته‌ی لێوه‌ نه‌هات. سووکه‌ ئاره‌قێک ناو پشتی ته‌ڕ کردبوو. سره‌وی فێنکی شه‌و پته‌ گردنی پێ هه‌ڵبڕی. ئه‌وه‌نده‌ی له‌ شار راده‌ما، ئاگای له‌ به‌ر پێی خۆی نه‌بوو. لێره‌وه‌ باڵای خانووه‌کان جوانتر هه‌ست پێده‌کران. گه‌یشتنه‌ که‌ندڕی دووهه‌م. له‌ چاو ئه‌وه‌ی یه‌که‌م قووڵتر بوو. ده‌ میترێک له‌ که‌ندڕه‌که‌ دوور نه‌که‌وتبووه‌وه‌، که‌ سه‌ری سوڕاند و به‌ لاچاو سه‌یری دواوه‌ی خۆی کرده‌وه‌. دانه‌یه‌ک یان دووان له‌ هاوڕێکانی له‌ که‌ندڕه‌که‌ هاتبوونه‌ ده‌ر. بزه‌یه‌ک گرتی. کاروان هه‌ر به‌ ڕێوه‌ بوو! ئه‌م ده‌شته‌ی ده‌ناسی. کاتی خۆی گه‌لێک جار لێره‌وه ‌به‌ مه‌به‌ستی سه‌یران تێپه‌ڕیبوون. به‌هاران یه‌کپارچه‌ ده‌بوو به‌ گوڵ و گیای هه‌مه‌ ره‌نگ و هه‌مه‌ جۆر. به‌رز رێک تا ئه‌ژنۆ. حه‌زی کرد جارێکی تر نوورئه‌فکه‌ن هه‌ڵکرێ بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ که‌ ئه‌م به‌هاره‌یش  ئه‌م ده‌شته‌ گوڵی تیا روواوه‌ یان نا. سه‌ری هه‌ڵبڕی و سه‌یری شاخه‌که‌ی ئه‌وبه‌ری کرد. هه‌ر رێک له‌و کاته‌دا ده‌نگی ته‌قه‌ و ویزه‌ی چڕی گولله‌ چوارده‌وریانی ته‌نی. که‌وت. خۆی به‌ زه‌وییه‌وه‌ نووساند. تا توانی پتر. ئه‌وه‌نده‌، نه‌ویتر له‌ خاک! ده‌ستی به‌ سه‌ریه‌وه‌ گرتبوو. هه‌ندێک له‌ گولله‌کان له‌ خاکی به‌رده‌می دا ده‌که‌وتن. نه‌رم، ده‌نێژران. بڵێی به‌ری که‌وتبێ؟ به‌ ئاسته‌م هه‌موو جه‌سته‌ی جووڵاند. جه‌سته‌ی جووڵا. ئازاری هه‌ست پێنه‌کرد. کتوپڕ ته‌قه‌ راوه‌ستا. "ئیستا نا ئیستا دێنه‌ سه‌رمان!" ماوه‌یه‌ک بێ جووڵه‌ مایه‌وه‌. گوێی هه‌ڵخست. ده‌نگ نه‌ده‌هات. ئارام سه‌ری هه‌ڵبڕی. سێبه‌ری هیچ جووڵه‌یه‌ک نه‌ده‌بیندرا. لای کرده‌وه‌. که‌س له‌ پشتییه‌وه‌ نه‌مابوو. چییان لێهات؟ بجوڵێ یان نا؟ دیسان سه‌یری پێشه‌وه‌ی خۆی کرده‌وه‌. که‌س دیار نه‌بوو. به‌ سنگه‌ خشێ خۆی له‌ که‌ندڕه‌که‌ هاویشته‌وه‌. له‌وێ بۆ ماوه‌یه‌ک ئه‌ژنۆی له‌ باوه‌ش گرت و خۆی گوشی. بێ ده‌نگییه‌کی سه‌یر. سه‌ری هه‌ڵبڕی. دیسان ئاسمان، دیسان ته‌نیایی. له‌ که‌ندڕه‌که‌ هاته‌ ده‌ر و به‌ سنگه‌ خشێ به‌ره‌و لای ئاشه‌که‌ که‌وته‌ جووڵه‌. ترس تا ده‌هات پتر لێی ده‌ئاڵا. باشه‌ ئه‌وانی تر چییان لێهات؟ مابوون یان نا؟ گه‌یشته‌ ئاشه‌که‌. چ بکا باشه‌. شار که‌ ئیتر هیچ. گوندیش که‌ یه‌کجار دووره‌. چه‌ند تۆپێک داوێنی شاخه‌که‌ی ته‌نیشتییه‌وه‌ی هه‌ژاند. پتر پشتی خۆی به‌ دیواری ئاشه‌که‌وه‌ نووساند. هه‌ر له‌و کاته‌دا ده‌نگێک هاته‌ گوێی. ده‌نگی هه‌ناسه‌ یا خود لرخه‌ لرخێک. هه‌ناسه‌ی کپ کرد. له‌ کوێوه‌یه‌؟ ترسی ئه‌وه‌ی بێن و بیگرن ته‌واو له‌ خۆ بێ خودی کرد. به‌ڵام ترسناکتر له‌وه‌ ئاسمان و ته‌نیایی و شه‌و بوو. "هه‌ر که‌سێک بێت باببێت!" جوانتر گوێی هه‌ڵخست. ده‌نگه‌که‌ که‌مێک واوه‌تر له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌هات که‌ لێی دانیشتبوو.

 

به‌ره‌و لای کشا. سێبه‌رێکی راکشاو، له‌ پاڵ تاقه‌دره‌ختی ئاشه‌که‌دا. لێی نزیک که‌وته‌وه‌. سێبه‌ڕه‌که‌ مڕاندی. سه‌گ! یه‌کێک له‌ سه‌گه‌کانی ئه‌و شه‌وه‌. ره‌نگه‌ ئه‌و سه‌گه‌ی بۆ دواجار سێبه‌ره‌که‌ی بینیبوو. سه‌گێگی بریندار. که‌ گه‌یشته‌ په‌نای، سه‌گه‌که‌ له‌ مڕه‌ که‌وت و ئارام سه‌ری خسته‌ سه‌ر زه‌وی. خۆی گه‌یانده‌ تاقه‌داره‌که‌. مه‌ودای تاقه‌ دار تا سه‌گه‌که‌، ره‌نگه‌ میترێک. دانیشت. پاڵی‌ به‌ تاقه‌داره‌که‌وه‌ دا و له‌ سه‌گه‌که‌ راما. جۆرێک له‌ ره‌وینه‌وه‌ی هه‌ستی ته‌نیایی و ترس. ره‌نگه‌ ره‌وینه‌وه‌ی ئاسمانیش. گوێی لێبوو، لاقی سه‌گه‌که‌ چه‌ند جارێک زه‌وی رووشاند. وه‌ک بڵێی ئه‌ویش ده‌یه‌ویست خۆی به‌ره‌و لای تاقه‌ داره‌که‌ بکشێنێ. ئه‌وسا مانگ ده‌رکه‌وت... مانگ، مرۆڤێکی ژێر دره‌خت و سه‌گێک که‌ دوا لووره‌ی ده‌چڕاند له‌ به‌ستێنی ئاسمانی شه‌وانی ترس و ته‌نیایی‌دا.

٢٠٠٦

فه‌ڕۆخ نێعمه‌ت‏پور