شۆڕش
-
شۆڕش، هه‌را هه‌را…
-
هاهووو... پولێ ئه‌توس! 1
-
ڕۆڵه سه‌رمان دێشێ، سێ مانگی ڕه‌به‌قه له‌و ژێرزه‌وییه داین،
ده‌مارمان لێبڕاوه، خوا ڕوحمی نه‌ماوه، تۆ رۆحمێکت پێمان دابێت.
کوا تاقه‌تی ئه‌و هه‌را هه‌رایه‌ی تۆمان هه‌یه!
-
ئه‌رێ پولێ بۆسی ناسێوه ماڵی خۆتان؟
-
توتکه‌سه‌گ ئه‌و هه‌راهه‌رایه‌ت له چییه، (دایکه هه‌ڵێدایه به
بزه‌یه‌ک له سه‌ر زاری)
-
وه‌ڵا ڕۆڵه حه‌قته، مانگێکی چی، ئه‌وه چه‌ند له مێژه که له سه‌ر
زگی ئێوه‌ین، ده‌زانم ئه‌وه قسه‌یه ئی خۆت نییه. خوا ماڵی ئه‌م
که‌سه خراکا که ماڵی خراپ کردین. خۆ وه‌ڵڵا ڕۆڵه خه‌تای ئه‌و مێرده
خوێڕییه‌ی خۆمه. ده‌نا ئه‌من و سه‌ر ماڵانیان نه‌گوتووه.
-
ئه‌رێ ئه‌و هه‌را هه‌رایه‌ت له چییه خوشکی... بۆ به قسه‌ی ئه‌و
منداڵه خۆت وا سوور هه‌ڵگه‌ڕاندووه؟ کێ له گوڵ ناسکتری پێگوتوی،
پیاو له ماڵه برای خۆی کوا ئه‌و قسانه‌ده‌کا؟ کونه گورگێکمان
وه‌گیر که‌وتووه و خۆمان تێدا شاردووته‌وه، خوشکی من کوا جێگای
ئه‌و قسه ناخۆشانه‌یه، ژێرزه‌و‌ییه‌که‌و ده پازده که‌س. ئه‌و
منداڵانه‌ش دڵیان توقیوه بۆ ده‌رێ. ناکری هه‌ر له سه‌ریان کوتی، خۆ
شوڕشیش هه‌ر خۆشه پیاو گوێی بداته ئه‌و قسه خۆشانه‌ی و پێی
پێبکه‌نێ. خۆ ئیشاڵڵا پێت وانییه فێرمان کردبێ. دا وه‌ره شۆڕش...
-
شۆڕش!
-
شۆۆۆڕڕششش!
-
شۆڕش! بابی هاواری کرد
-
شۆڕش! دایک قیژاندی
له‌و کاته که گه‌وره‌کان خه‌ریکی دمه‌چه‌قه بوون، شۆڕش هه‌لی
وه‌گیرکه‌وتبوو و له ژێرزه‌وییه ته‌نگ و تاریکه‌که وه‌درکه‌وتبوو.
دایک و باب و خزم و قه‌وم چاویان له‌یه‌کتر بڕی، وێده‌چوو بۆ کاتێک
هه‌موو هه‌ناسه کێشانیان له بیرچووبێته‌وه، ته‌نیا چاو، به‌چاو
پرسیارکردن، خه‌تابار کردن، خه‌تای کێ بوو ئه‌م خه‌ساره‌ته؟ چیان
ده‌کرد ئه‌و چاوانه‌ی که هێچیان پێ گرینگتر له ئاگاداری شۆڕش
نه‌بوو؟
هه‌ناسه‌یان که هاته‌وه به‌ر، هه‌موو ڕایان کرده سه‌ره‌وه. پوور
وه‌بن لاقان که‌وت، دایک سه‌ری له میچی کوتا، باب خۆی گه‌یانده
حه‌وشه، له‌وێ ڕاوه‌ستا و هاواری شۆڕشی کرد. ئه‌وانی دیکه‌ش
گه‌یشتنه جێ، هه‌موویان هاواری شۆڕ‌شیان ده‌کرد و چاویان
به‌حه‌وشه‌دا ده‌گێڕا.
حه‌وشه‌که زمانی نه‌بوو به سه‌ریاندا بگوڕێنی و بڵێ: ته‌نیا یه‌ک
چاوی به‌سه لێی حاڵی بێ که شۆڕش له باوه‌شی مندا نییه.
جارێکی دیکه چاوه‌کان بۆ باوه‌شی یه‌کتر گه‌ڕانه‌وه، ئه‌مجار وه‌ک
په‌نا هێنان ده‌چوو. وه‌ک پاڕانه‌وه. وه‌ک یارمه‌تی ویستن. وه‌ک...
چاو تاقه‌تی پرسیاری لێ برا و به بیستنی گولله‌ی خۆمپاره که له
ده‌ور و به‌ر ماڵه‌که ده‌که‌وت، له ناو ئاودا وه‌مه‌له که‌وت.
باوکی هه‌ڵات بۆ لای ده‌رگای ده‌رێ. جار له جار توندتر هاواری
شۆڕشی کوڕی ده‌کرد. قیژاندی! له ترسان نه‌بوو؟
نا...
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێوابوو ڕه‌نگه کوڕه‌که‌ی گوێی لێ نه‌بێ ئه‌گه‌ر
هاوارکا.
به‌ته‌واوی هێزی خۆی قیژاندی. که ده‌رگای حه‌وشه‌که‌ی کرده‌وه به
ته‌نیا مابۆوه. دایکی شۆڕش چۆکی شکابوو. ڕه‌نگی زه‌رد و له‌رزینی
ده‌ستی، سرنجی خزم و قه‌ومی ڕاکێشابوو.
له مه‌ترسی چوونه ده‌ر و وه‌دووکه‌وتنی شۆڕش بوو یان خۆشه‌ویستی
دایکی... بۆلای دایکی گه‌ڕابوونه‌وه و دڵخۆشیان ده‌داوه و دیانگوت:
-
ئه‌ری خوشکێ خۆ هێچ نه‌بووه، هێچ نه‌قه‌وماوه بۆ وا له خۆت
ده‌که‌ی؟! به چاوێکی دایکانه چاوی لێکردن و لێیان پاڕایه‌وه که بۆی
وه‌دوای کوڕه‌که‌ی بکه‌ون، به‌ڵام که‌س خوێنده‌وارێکی وانه‌بوو که
له‌م چاوانه تێ‌بگا، یان پێان خۆش نه‌بوو تێبگه‌ن. ده‌ستیان برد که
یارمه‌تی بده‌ن، هه‌ڵی هه‌ستێنن و بیبه‌نه ژوورێ.
-
به‌ڵام دایکی شوڕش عقڵی کاری ده‌کرد، شۆڕش و باوکی له‌وبه‌ری
حه‌وشه له پشت ده‌رگا ده‌ده‌دیت، له‌م به‌ر دیواری حه‌وشه، له ناو
بارانی گولله و خۆمپاره، یه‌ک به خۆی هاواری خوا و پێغه‌مبه‌ری کرد
و بێده‌نگی حه‌وشه‌ی شکاند. به‌ڵام هیچ نه‌قه‌وما، نه خوا و نه
پێغه‌مبه‌ر به‌هاواری نه‌هاتن. ئه‌ویش له‌وه‌ی زیاتر نه‌یده‌توانی
چاوه‌ڕۆان بێ. کات له لای وی ئانێک و سه‌د ساڵ بوو، هه‌ربۆیه‌ش به
سه‌ر عالمه‌که‌ی ده‌ور و به‌ریدا قیژاندی.
-
قیژاندی؟
-
نا، پاڕایه‌وه!
لێیان پاڕایه‌وه، به‌ڵام زاری شکابوو. به‌چاو پاڕایه‌وه و گوتی:
هه‌ر دووک خۆشه‌ویسته‌کانم به ته‌نیا ماونه‌ته‌وه، یارمه‌تیان
بده‌ن. ئه‌مجار هه‌موویان حاڵی بوون، به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان
سه‌ریان داخست و گوێیان نه‌دایه. پێیان وابوو دایکی شۆڕش ڕزگار
بکه‌ن باشتره له شۆڕش، بۆیه پیلیان گرت تا بیبه‌نه ژوورێ. تازه
هێندێکش هه‌ستی قاره‌مانه‌تییان بزووت. هه‌ستی شۆڕشگێڕی که له‌و
گوولله بارانه‌دا هاتوونه حه‌وشه و یارمه‌تی ئه‌و لێ‌قه‌وماوه
ده‌که‌ن، ئه‌و هه‌سته گه‌رمایی شه‌رمه‌زاریی له به‌جێهێشتنی شۆڕش و
باوکی داپۆشاند. هێنده‌ی پێنه‌چوو، خۆشیان باوه‌ڕیان کرد ده‌بێ
بگه‌ڕێنه‌وه ژێرزه‌وی...
باوکی گه‌یشتبووه کوچه و گوێی له ته‌قه‌و هه‌را و هاتوو هاواری
ده‌وروو به‌ری نه‌بوو.
-
گوێی له هیچ نه‌بوو؟
-
پێی خۆش نه بوو گوێی لێ بێ، نه‌کا له ترسی گیانی وه‌گه‌ڕێ.
وه‌کوو که‌ڕ ده‌چوو که ته‌واوی قه‌وه‌تی خۆی ده‌داته چاو. ئه‌ویش
دابوویه چاوی، به‌شکه‌م شۆڕش یان شوێنی پێی بدۆزێته‌وه و وه‌دووی
که‌وێ. دیتییه‌وه... که‌ڕوانیه سه‌ر ئاخری شه‌قامه‌که‌ی خۆیان
شۆڕشی دیت که هه‌راسان بۆ ئه‌ملا و ئه‌ولا هه‌ڵدێ و له جیاتی بۆ
لای ماڵی خۆیان بگه‌ڕێته‌وه، به‌ره‌و کوچه‌ێکی دیکه هه‌ڵدێ، هه‌ر
له‌و کاته‌شدا خۆمپاره‌یه‌ک له سووچی کوچه‌که‌یان که‌وته‌خوار و
له‌به‌ر چاوی باوکی له تۆز و خۆڵدا وه‌ن بوو...
ونببون، ونبوونی کات، نه‌دیتن، نه‌دیتنی هه‌رد و ئاسمان. ئاسمان و
هه‌رد. کوان؟ چیان لێهات؟ شۆڕش منداڵه، ڕایژینه، رایژنن، ڕایژینه
دایکی شۆڕش، ڕایژێنه منداڵه...
هاوار کوا؟!
چاوی گێڕا، چاوی له خه‌نجه‌ری ڕازاوه به شاخی نیری باوکی‌دا گێڕا.
تیژه، زۆر تیژه، ئه‌وده‌ستانه که تۆپیان بۆ ڕۆژی له دایکبوونی شۆڕش
هێناوه، ده‌بێ به‌و خه‌نجه‌ره له‌ت له‌ت کرێ. ئه‌و خه‌نجه‌ره
کۆنه، ئه‌و ڕ‌قه، ئه‌و ڕ‌قه کۆنه پاکه...
وه‌ری مه‌گره ڕۆڵه، وه‌ری مه‌گره، وه‌ره‌لاچۆ...
ڕاژێنه هه‌رد، ڕایژێنه منداڵی خۆته، زوڵمه وا زوو ماندوو مه‌به.
مه‌یده به ئاسمان، دووره ده‌ستم نایگاتێ. ئه‌دی لای لایه بۆ کێ
بڵێم؟ شه‌وانه به چ هێوایه‌ک سه‌ر له سه‌ر سه‌رین دانێم... کوێر
بم... چاوم بۆ چییه ئه‌گه‌ر چاوم به چاوی نه‌که‌وێ. که‌ڕ بم...
گوێم بۆ چییه ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌یانیان گۆم له هاواری نه‌بێ.
ده‌سته‌کانم ورد بن، بۆ چمن ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕۆژێ به لاواندنه‌وه
ڕاینه‌ژێنن.
ونبه! ونبه له به‌ر چاوم هه‌رد، به که‌ڵکی چی دێی ئه‌گه‌ر شۆڕشت
تێدا نه‌ژی. وێرانبه ئاسمان، چ شانازێیک ئه‌گه‌ر شه‌وانه ڕێگای
شوڕش ڕووناک نه‌که‌ی. مانگ کوا جوانی، دوای شۆڕش؟ به‌خیلی؟
به‌خیلیت هات، ونبه...
ڕایژێنه، ڕایژێنه کاکه، چۆنمان له به‌ر چاو و‌نکرد. ڕایژێنه پوورێ،
رایژێنه چوون چاوی ئاگاداریمان کوێر بوو. ڕایژینه دایکی شۆڕش، چۆن
چاوی شانازیت چاوی وریابوونتی و‌نکرد، ڕایژێنه خوشکێ، ڕایژێنه ئه‌و
له‌تله‌تکراوه‌ی، ده‌سته‌کانت شکێ، بۆ وه‌سه‌رێکی ناخه‌یه‌وه...
کوا دڵ، دڵ...
بناڵه هه‌رد بناڵه، بێ ساحێبی... بۆ وات لێ به‌سه‌رهاتووه؟ ئه‌ی
هه‌رد منداڵی خۆته، بۆت ناحاوێته‌وه؟ بۆ ئاگات له منداڵی خۆت نابێ؟
بۆ وات لێده‌که‌ن؟ بۆ له ناو خوێندا حه‌مامی پێده‌که‌ن؟
بناڵه هه‌رد بناڵه ده‌گه‌ڵ ئه‌و لورێ، بێ ده‌سته‌ڵاتی، بێ
ده‌ستڵات، سورهه‌ڵگه‌ڕاوی له شه‌رمان. داواناکه‌ی؟ بۆ له ئاسمان
داوای بارانێک ناکه‌ی؟ شه‌رمه؟ شه‌رمت پێدادێ؟ بارانێک، با بت
شواته‌وه، با بیشواته‌وه ئه‌م شه‌رمه...
ئاگر، بۆ ئاگر له خۆت به‌ر ناده‌ی؟ ئاگه‌ر تێبه‌ر بووی. بۆ ئاگا
ناکه‌ی. کوا؟ کوا ده‌ریا ده‌توانێ ئه‌و هه‌موو شه‌رمه بشواته‌وه
ڕایژێنه ئه‌و سووره گوڵه، جوانه‌مه‌رگت کرد، ڕایژێنه، که‌س به‌ساخی
نه‌دیت. په‌ڕپه‌ڕ کراوه، گه‌ڵاڕێزانه، به‌هاره...
-
گه‌ڵاڕیزان؟
-
کێ؟ کێ دیتویه‌تی به‌هار و گه‌ڵا‌ڕێزان؟!
ئه‌و گوڵه بۆ وای به‌سه‌ر هاتووه؟ ئاو نه‌دراوه؟ کاکه ئه‌و گوڵه
ویشک بووه... ئاو... توونێتی ئاو. ویشک بوون، گه‌لاڕێزان. باشه چی
له سه‌ر پنجه‌ره داده‌نێی؟ ئه‌ی دایکی شۆڕش سه‌ر په‌نجه‌ره به چی
ده‌ڕازێنییه‌وه؟ خۆ گوڵه‌که ویشک بوو، گه‌ڵاڕێزانه، به‌هاره،
گه‌ڵاڕێزانه...
قورس بوو، وابه‌جارێک قورس بوو، ده‌تگوت ته‌واوی هه‌ردی له سه‌ر
سه‌ری خڕبۆته‌وه. چۆکی به سه‌ر ئه‌سفاڵتی کوچه‌که دا دا.
-
ئێشی نه‌گه‌یشتێ؟
-
ژانێک هه‌تا ته‌پڵی سه‌ری چوو، بۆ کاتێک...، نازانم ئه‌میش نازانم،
سه‌د ساڵ، یان هه‌زار ساڵ، به‌ڵام دڵ و مێشکی ڕاوه‌ستا.
چاوی ویشک بووبوو له‌و جێگایه‌ی که شۆڕش له پشت تۆزوخۆڵه‌که ونبوو
بوو. ئه‌و تۆز و خۆڵه بۆ نانیشێته‌وه خۆایه، خۆ ئه‌گه‌ر ئاسمانیش
ڕووخابا هه‌ر ئه‌ونده‌ی تۆز و خۆڵ وه‌ڕێده‌خست. تۆز و خۆڵ
نیشته‌وه، ده‌وروبه‌ری کوچه‌که ڕووناک بۆوه و له سه‌ری کوچه‌وه،
شۆڕش به سه‌رو گوێلاکی خۆڵاوی وه‌ده‌ر که‌وت و بۆ لای باوکی هات.
باوکی وه‌ک له خه‌وێکی قورس هه‌ستابێ، ته‌واوی هێزی خۆی وه‌به‌ر
باسکی دا تا ئاوه‌ڵه‌ی کا بۆ له باو‌شگرتنی شۆڕش.
ئاوه‌ڵه‌ی کرد، شۆڕش خۆی له باوه‌شی هاویشت، له‌و کاتشدا دایکی و
زۆرێک له ده‌ر و جیران خۆیان گه‌یاندبووه کوچه. شۆڕش هه‌ر له نێو
باوه‌شدا ده‌گه‌ڕا و ماچ ده‌کرا. وه‌ک مزگێنی، وه‌ک دیتنه‌وه‌یه‌ک
ده‌چوو که سه‌د ساڵ خه‌ون و خه‌یاڵیان پێوه دیبێ. وه‌ک شتێک ده‌چوو
که که‌س نه‌یده‌زانی چییه. پیاو بۆی هه‌ڵنه‌ده‌سه‌نگێندرا قه‌در و
قیمه‌تی. که‌س له بێری نه‌بوو سه‌ر‌کۆنه‌بکا یان پێی بڵێ بۆ وای
کرد و له‌و ژێر زه‌ییه ته‌نگ و تاریکه هاته ده‌رێ. شۆڕش بۆ خۆشی
پێی سه‌یر بوو که وا هه‌ر له‌سه‌ر سه‌ران ده‌گه‌ڕێ. چاوێکی به سه‌ر
گێڕان و له پڕ به زمانی منداڵانه‌ی خۆی هاواری کرد:
هه‌تی بابه خۆ ئه‌جه‌لوو نه هاتووه له‌و گوله‌بالانه‌دا هاتوونه
ده‌ڵی.
خه‌ڵکی ده‌وروو به‌ر بزه‌یه‌کیان هاتێ و له هه‌مان کاتدا وه‌ک
شتێکیان له بیر چووبێ خۆیان ده ژوورێ کوتایه‌وه. به‌ڵام باوکی
له‌وه خۆشبه‌خت‌تر بوو که ڕاکاته‌وه ژێرزه‌وی، شۆڕشی له باوه‌ش
گرته‌وه، به‌خۆیه‌وه گوشی و پڕ به دڵ گریا.
1ـ
رسته‌که ئه‌مه‌یه: "پورێ ئه‌تۆش!" که لێره‌دا به زمانی
منداڵانه گوتراوه.
دیاکۆ قادری
نووسراوه له ساڵی 1997 پێداچوونه‌وه 2007 |