چیرۆک


ڕێبواری پیاده

وته‌یه‌ك له‌مه‌ڕ نووسه‌ر:

(ڕەی برادبری)، کە ناوی ئەسڵیی (ڕیمۆند داگڵاس Raymond Douglas)ە، ساڵی 1920 لە (ئیلینوینز)ی وڵاتە یەکگرتووەکان‌دا هاتۆتە دنیاوە. لە تەمەنی بیست ساڵی‌دا دەستی داوەتە نووسین.. سەرەتا سیناریۆی بۆ تیئاترو تەلەڤیزیۆن‌و پاشان بۆ سینەما دەنووسی.
ئەمە ناوی هێندێک لە ڕۆمانەکانیەتی:
*
 چیرۆکە ئەویندارییەکانی ڕۆڵ‌و هــاردی
*
 گۆڕستانی شێتەکـــان
 * مامەڵەی تایبەت لەگەڵ مەرگ
*
 کوڕی سبەینــێ...
لەگەڵ هونەرمەندان‌و دەرهێنەرانی گەورەی وەک 'جان هوستن'‌و 'ئێرسن وێڵز'دا هاوکاریی نێزیکی هەبووە. لە ساڵی 1985دا  بەرنامەیەکی سەرکەوتووی لە تەلەڤیزیۆنی ئامریکادا ئامادە دەکردو هەرخۆیشی بەڕێوەی دەبرد. هەروەها هێندێک لە شانۆنامەکانی خۆیشی بۆ شانۆ دەرهێناوە‌و بردوونیەتە سەر سەکۆی نمایش. لە تەڕاحیی بەشێک لە 'دنیای واڵت دیسنی' ش‌دا ڕۆڵی هەبووە.
لایەنگران، (برەدبری) بە لوئی ئارمسترانگ-ی ڕۆمانە زانستی- خەیاڵییەکان ناو دەبەن‌و پێیان وایە (برەدبری)، نووسەری ئەمڕۆ‌و سبەینێی دنیایە‌و هەرگیز هیچ کەسێک لە سەدەی ئێمەدا چەشنی ئەو ، زەنگی پڕمەترسیی لــێ‌نەداوە؛ هه‌روه‌ك له‌م چیرۆكه‌ی‌دا ده‌یخوێنینه‌وه‌...

****

ئەو شتەی (لیۆنارد مید) زۆری مگێز لـێ‌بوو، گەیشتن بە بیدەنگیی سەعات هەشتی شەوە تەم‌و مژەکانی مانگی نوامبر بوو.. واتە، بە ڕێڕەوە چەمەنتۆکراوەکان‌دا پیاسەکردن، هەردوو دەست لە گیرفاننان‌و لە بیدەنگی‌دا ملی ڕێگرتن، بە ڕێگا باریکە سەر سەوزەکان‌دا تێپەڕین‌و ڕێی خۆ دۆزینەوە. 'مید' زۆرجار لای چوارڕێیانێك ڕادەوەستاو لە هەرچوار لاوە لەو شەقامانە ورد دەبۆوە کە تریفەی مانگیان وێ دەکەوت. پاشان بڕیاری دەدا بەرەو کام لا هەنگاو هەڵێنێتەوە. لە ڕاستی‌دا بۆ وی هیچ جیاوازی نەبوو. ئەو، لەم دنیای ساڵی دوو هەزارو پەنجاو دووەدا هەر دەتگوت تاق‌و تەنیایە. لەئاکام‌دا، دوا بڕیاری خۆی دەداو  ڕێگایەکی هەڵدەبژاردو لەکاتێک‌دا هەڵمی دەمی وەک دووکەڵی جگەرە بە ئاسمان‌دا بڵاو دەکردەوە ، دەکەوتەوە ڕێ. جاروبار چەندین سەعات‌و چەندین کیلۆمیتر ڕێگای دەبڕی، پاشان نیوە شەو دەگەڕایەوە ماڵه‌کەی خۆی. بە دەم ڕێوە، زۆر ماڵی دەدیت پەنجەرەکانیان تاریک بوون.
جار نا جارێک لەو دیوی پەنجەرەکانەوە ترووسکایی‌یەک وەک گوڵ‌ئەستێرە پرتە پرتی دەکرد. تێپەڕین بێرەدا ، وەک ئەوە وا بوو بە نێو گۆڕستان‌دا بڕۆی. جاروبارو لەپڕ، تاپۆی ڕەش‌و دزێو لە سەر دیواری ئەو ژوورانەی پەردەکانیان بە ڕووی شەودا نەکێشابوو، دەردەکەوتن، یان لە پەنجەرەی نەبەستراوی خانووبەرەیەکی گۆڕئاساوە دەنگی سرتە سرت‌و بۆڵە بۆڵ دەگەیشتە گوێ.

لەم کات‌و ساتانەدا، لیونارد مید گتێکی دەکرد، سەری هەڵدەبڕی، گوێی شل دەکردو پاشان هەنگاوی هەڵدەهێنایەوە. ترپەی پێی، لەم گوزەرە نالەبارەدا، قەت نەدەبیسترا. ئەو دەمێک بوو، پاش بڕیارێکی ژیرانە ، پێڵاوی وەرزشیی لە پێ دەکرد. ئاخر ئەگەر پاژنەی پێڵاوەکانی دەنگیان لێوە هاتبا ، گەلە سەگ دوای دەکەوتن‌و بە حەپە حەپ پیاسەکەیان لـێ‌تێک دەدا. بیگومان لەم کاتەدا ڕەنگە چەند چرایەک داگیرسابان‌و کەسانێک دەرکەوتبان.. ئه‌وجا بە دیتنی بوونەوەرێکی تاق‌و تەنیا، لە کاتێکی ئەوتۆی مانگی نوامبردا، واقیان وڕ دەماودەورووژان.
   'مید' لەم شەقامە تایبەتەدا، بەرەو ڕۆژئاواو دەریای نادیار ڕێی گرتبووە بەر. لە دەسپێکی وەرزێکی سارددا، ساردیی هەوا لووتی مرۆڤی دەرزی‌ئاژن دەکردو لەنێوەوە سیی چەشنی داری نۆئیل دادەگیرساند. ئەو هەستی دەکرد نوورێکی سارد بەردەوام لەودا دەمرێ‌و پاشان دەدرەوشێتەوە. وەک گەڵای دارەکان کە بەفری نادیاریان پۆشیبوو.

(مید) بەدڵخۆشی گوێی لەو دەنگە هێمنە دەگرت کە پێڵاوەکانی لە سەر گەڵاوەریوەکان دەیانهێنایە گۆڕێ‌و لەنێوان ددانەکانیەوە فیکەیەکی ئارام وەبەر گوێ دەکەوت. جارە جارە بە دەم ڕێوە گەڵایەکی وەریوی هەڵدەگرت‌و لەبەر ترووسکە لاوازەکەی شەقام‌دا ئەم دیوو ئەو دیوی دەکردو لووتی پێوە دەنا تا هەست بە نمەکەی بکا. هەر لەو کاتەدا، بە بەر دەرکی هەر ماڵێک‌دا تێ‌دەپەڕیی، لەبەر خۆوە سڵاوێکی دەکردو دەیگوت: ((ئەمشەو کەناڵی چوار چ بەرنامەیەکی هەیە؟ دەنگ‌و باس لە کەناڵی حەوت‌و کەناڵی نۆ چی‌یە؟ ئەدی کاوبۆیی‌یەکان لە کوێ خەریکی غار غارێنن؟ سوارچاکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سەر گردی دواتردا ، لە حاڵی ڕزگاری‌دا دەبینم!.))
    شەقامە درێژەکە، چۆڵ‌و هۆڵ بوو. تەنیا سێبەری مید وەکوو سێبەری شەهێنێک بە سەر شاردا لە بزووتن‌دا بوو. ئەگەر لەو ساتەدا، هەر دوو چاوی لێک ناباو لەوێ، لەو بێدەنگی‌و سەرمایە ڕاوەستابا ، دەیتوانی خۆی لە دەشتی ساردو سڕی 'ئاریزۆنا'دا وەپێش چاو بێنێ. دەشتێکی بەرفراوانی کاکی بە کاکی، چۆڵەوانی‌و دوور لە ئاوەدانی. پاشان سەیری سەعاتەکەیی کردو لە ماڵەکانی پرسی: ((ئێستا کە سەعات هەشت‌و نیوە، کاتی ئەوە نەهاتووە یەکێک لە فیلمە جینائییە نایابەکان پیشان بدەن، یاخود کاتی پێشبڕکێ نییە؟ یاخود کاتی ئەوە نییە دەلقەکێک لە سەر سەکۆی نمایش‌دا خۆ بنوێنێ؟ ))
    قاقای پێکەنینێکی گەیشتە گوێ. داخۆ ئەو قاقایە لەو ماڵەڕا ده‌هات کە تریفەی مانگی وێ دەکەوت؟ نەختێک ڕاوەستا، بەڵام هیچ نەبوو؛ بۆیە هەنگاوی هەڵێنایەوە. پاشان لەبەر خوارو خێچیی ڕێگاو بانەکە، پێی خلیسکاو لەترێکی دا. سەوزەڵانی‌و چەمەن، سیمانی شەقامەکەیان لەنێو بردبوو. بیری کەوتەوە کە دە ساڵە شەوو ڕۆژ ڕێ دەپێوێ‌و هەزاران کیلۆمیتر دەبڕێ، بەڵام قەت تاکە کەسێکی ڕێبواری لە پەنای خۆی‌دا نەدیتووە. گەیشتە چوارڕێیانێک کە دوو شاڕێی ئەسڵیی بۆ شار لـێ‌جیا دەبۆوە. پەمپی بەنزین ڕۆژ تا ئێوارە لەم ناوچەیە واز بوو. ماشێن شەپۆلـی دەداو دووکەڵی ئەکزووس‌و هەراو هوریا وەک گیزە گیزی بەردەوامی مێشوولە بە هەوادا پەرش‌و بڵاو بوون. بەڵام ئێستا ئەم شاڕێیانە چەشنی بەستۆڕە چۆن لە هاوین‌دا ئاوی لـێ‌دەبڕێ‌و بەردو زیخەکەی دەمێنێتەوه‌و تیشکی مانگیان وێ دەکەوێ، وا بوون.
(مید) لە کۆڵانەکە لای داو ڕێی ماڵی گرتە بەر. زۆری نەمابوو بگاتە ماڵ، لەپڕ، تاقە ماشێنێک کە بەوێ‌دا تێ‌دەپەڕیی، چرا تیژەکانی وەنێو چاوانی خست‌و لە شوێنەکەی خۆی‌دا چەقاندی. وەک گوڵ‌ئەستێرەیەکی لـێ‌هاتبوو کە تیشک‌و ڕووناکی وڕ‌و گێژیان کردبێ.
دەنگێکی سارد تێی خوڕی:
-
  ڕاوەستە! جووڵە نەکەی!
پیاوەکە ڕاوەستا:
-
  بەڵام...
-
  هەر دوو دەستت هەڵبڕە.. خێرا کە ، ئەگینا دەتدەینە بەر دەسڕێژ..
   لە دڵی خۆی‌دا گوتی: ((هەبێ‌‌و نەبێ پۆلیسە..)) بەڵام سەیرو چاوەڕواننەکراو بوو. داخۆ لە شارێک‌دا کە حەشیمەتەکەی سـێ ملیۆنە، تەنیا ماشێنێکی پۆلیس مابۆوە؟. لە ساڵی ڕابوردووەوە تەنیا ئەم یەک دانەیە هەیە. لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی

(2051)ەوە هێزی ئینتیزامی لە سێ دانە، یەکی ماوەتەوە. پۆلیسی نەدەویست. ڕەنگە تاوانیش کەم بووبێتەوە. هەر ئەم ماشێنە بەس بوو تا بە شەقامە خەڵوەتەکان‌دا بسووڕێتەوە.
-
  نـــاوت؟
ئەم پرسیارە دەنێو ماشێنەکەوە دەگەیشتە گوێ.
(مید) بەهۆی تیشکی چراکەوە نەیدەتوانی کەسانی نێو ماشێنەکە ببینێ.
-
 لیونــارد میـد..

-  بــــەرزتــر!
-
 لیـونـارد میـد.
-
 کارو کاسپیت؟
-
 پێم وایە دەکرێ بڵێم نووسـەر..
دەنگی نێو ماشێنەکە وەک لەگەڵ خۆی بدوێ، گوتی:
-
  بێــکار.
   تیشکی چراکە بەشێوەیەک لە شوێنی خۆی دایکوتابوو، دەتگوت پەیکەری نێو مۆزەخانەیە‌و سنجاخیان لە بەرۆکی داوە تا نەبزوێ!
   ــــ دەکرا وا بڵێی ــــ لەمێژ بوو بابەتێکی نەنووسیبوو. گۆڤارو کتێب بازاڕیان نەمابوو.

پاشان بیری کەوتەوە کە ئێستا شەوەوکاتی ئەوە هاتووە خەڵک لە ماڵە گۆڕئاساکانیان‌دا سەرنجی بەرنامەکان بدەن. ئێستا گۆڕەکان تەنیا بە تیشکی ناجۆری تەلەڤیزیۆن ڕۆشناییـیان دەدیت‌و مرۆڤەکانیش وەک مردوو لە بەردەم دەزگاکان دادەنیشتن. تیشکی کەم‌ڕەنگ، یان ڕەنگاوڕەنگیش سەرەمڕ بەر ڕوومەتەکان دەکەوت. بەڵام لە ڕاستی‌دا قەت پێوەندییان لەنێوان‌دا دروست نەدەبوو.
دەنگەکە لە بڵیندگۆکەوە دووپات بۆوە:
-
  بێکــار.. بەم ناوەختە چ دەکەی؟'
-
  پیــاســە دەکــەم.
-
  پیــاسـە دەکــەی؟
-
  بەڵــێ، تەنیــا پیــاسە..
-
  تەنیــــا پیــاســە؟
وەڵامەکەی دووپات کردەوە. لەرزی لـێ‌هاتبوو.
-
 بە چ مەبەستێ‌ پیــاسـە دەکـەی؟
-
 بە مەبەســتی حــەســانەوە..
-
 ناوو نیشـــانت؟
-
  شەقامی سەینت جەیمزی باشووری ــــ ژمارە یانزە.
-
  کەش‌و هەوای ماڵەکەت لەبـارە.. لانی‌کەم ((دەزگای پەخشی هەوا)) تیش لە ماڵ‌دا هەیە.. وا نییە؟
-
   بــەڵـــێ‌..
-
   ئــەی تەلەڤیــزیۆن؟.
-
   نیــمــە..
بێدەنگییەکی ورووژێنەر کە میدی پێ‌ تاوانبار دەبوو ، باڵی بە سەردا کێشان.
-
   هــاوســـەر؟.
-
   نیـــمە..
-
   ژنیشت نەهێناوە؟!.
مانگ هەڵاتبوو‌و لەنێو ئەستێرەکان‌دا دەدرەوشایەوە. ماڵەکان کڕ‌و کپ بوون. مید بەزەردەخەنەوە درێژەی دا:
-
   هەڵبەت تائێستا دڵخوازم نەبووە!.
-
   کە قسەیان لەگەڵ کردی ، بدوێ‌!
مید ناچار بوو لەبەر ئەو سەرمایە هەروا چاوەڕوان بێ‌.
-
   ئێستا گوتت تەنیا پیاسە دەکەی؟
-
   بــەڵـــێ‌..
-
   بەڵام نەتگوت بە چ نیازێک؟
-
   گوتم بە نیازی حەسانەوە‌و چاوگێڕان.. تەنیا بۆ ئەوەی قاچێک نەرم بکەم.
-
   پیشەی هەمیشەییتە؟
-
   بەڵـێ‌، ساڵانێکە‌و.. پیشەی شەوانەمە.

ماشێنی پۆلیسەکە، وێڕای ویزە‌و خشەیەک کە لە بێ‌سیمەکەیەوە دەگەیشتە گوێ‌، هەروا لەنێوەڕاستی شەقامەکەدا ڕاوەستابوو. پاشان دەنگێکی لێوە هات:
-
   کاک مید، زۆر چاکە.
مید بەحورمەتەوە گوتی:
-
 تــــەواو؟
دەنگەکە گوتی:
-
   بەڵـــێ‌..
دەرگای ماشێنەکە لەگەڵ ناڵەیەک کرایەوە. گوتی:
-
   ســوار بــە.
-
   ڕەخنەم هـەیـە.
-
 کاکە فەرمــوو.
مید وەکوو سەرخۆشان کەوتە ڕێ‌. کاتێ‌ بە لای پەنجەرەی ماشێنەکەدا تێ‌پەڕیی، سەیری نێوەوەی کرد. بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕێ‌ دەکرا، کەس لە سەر کورسیی پێش دانەنیشتبوو، ماشێنەکە هەر هیچ کەسی تێ‌دا نەبوو!
-
   ســـوار بــە.
مید دەستی بە دەرگاکەوە گرت‌و چاوێکی بە دوای ماشێنەکەدا گێڕا کە دروست سلوولێکی بچووکی میلەدار بوو. بۆنی کانزای کوتراو‌و بۆنی تیژی دژگـەن* دەهات. هەموو شتێ‌ بۆ وی دیارو دژوارو سارد بوو.
دەنگەکە گوتی:
-
   خۆ ئەگەر ژنیشت هەبـا، دەبووە بەڵگــە، بەڵام...
-
   بۆ کوێـــم دەبـــەن؟
ماشێنەکە گتێکی کرد. دەنگێک کە لە هی کوندەبەبوو دەچوو، بیسترا. وه‌ك بڵێی کۆمەڵێک زانیاری لەسەر کارتێک دەرکەوتن‌و درایە دەزگایەک کە چاوی ئەلیکترۆنی هەبوو.
-
 دەتبەینە ناوەندی لێکۆڵینەوە دەروونییەکان لەمەڕ خواست‌و ئارەزووی دواکەوتووانە.
(مید) سوار بوو. دەرگاکە لەسەرخۆ پێوە درایەوە.
ماشێنی پۆلیس بە چرایەکی کەم‌تیشکەوە بە شەقامە تایبەتەکانی هاتوچۆی شەوانەدا کەوتە ڕێ. پاش چەند ساتێک، بە بەردەم ماڵێکی سەر شەقامەکەدا تێ‌پەڕین. ئەم ماڵە، دەنێو ئەو هەموو ماڵە تاریکانەی شاردا، تاقە ماڵێک بوو گشت چراکانی داگیرسابوون. تیشکی زێڕینی ڕۆشنایی، لە پەنجەرەکانیەوە، سەرماو تارماییی شەوی دەڕەواندەوە.
(لیــونارد میــد) گوتی:
-
   ئــا ئەوە ماڵەکەی منە.
وەڵامی نـەدرایـەوە.
ماشێنەکە بەو شەقامانەدا تێ‌پەڕیی کە لە شوێنی ویشک‌و ڕەق‌و تەقی بەستۆڕە دەچوون. شەقامە خەڵوەتەکان‌و گوزەرگە چۆڵ‌و هۆڵەکانی بەجێ‌هێشت.. بەڵام، بەدرێژاییی ئەو شەوە ساردەی پاییز، دەنگێک یان بزووتنێک لە کەسێکەوە نــەهــــات...

دژگه‌ن: ضدعفونی
  سەرچاوە:
گۆڤــاری (( آرش )) ، ژمـارە 53 ، ل. 51-52 ، ساڵی 1995 ، وەرگێڕانی بۆ فارسی: ((شهلا حمـزاوی))

وه‌رگێڕانی له فارسی‌یه‌وه‌: كه‌ریم تاقانه‌ (سوید)